چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لە مانەوەی مالیکی دەکات

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە جەختیکردەوە لەسەر پابەندبوونی خۆی بە کاندیدکردنی نووری کامل مالیکی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران عێراق.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چوارچێوەی هەماهەنگی، کۆبونەوەی ژمارە ۲۶۱ ی خۆی لە نووسینگەی مالیکی ئەنجامدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان و لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕونیکردەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران پرسێکی دەستوریی تەواو عێراقییە و بەپێی میکانیزمەکانی پرۆسەی سیاسی و بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی نیشتمانی ئەنجامدەدرێت، دور لە هەر دەستوەردان و سەپاندنێکی دەرەکی.

چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لە پەرۆشیی خۆی کردەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ هێزە کاراکانی جیهان؛ پەیوەندییەک کە لەسەر بنەمای ڕێزی یەکتر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ بێت. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و توانای بەڕێوەبردنی شایستە سیاسییەکانی خۆی هەیە بەپێی دەستور و ئیرادەی نوێنەرانی گەلەکەی.

هاوکات هێزە شیعییەکانی عێراق جەختیانکردەوە لەسەر پابەندبونی خۆیان بە کاندیدیکردنی، نوری کامل مالیکی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، کە پشکی شیعەکانە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لە گرنگیی ڕێزگرتن لە وادە دەستورییەکان و پابەندبون پێیانەوە لە کاتە دیاریکراوەکاندا کردەوە، داواشی لە هەموان کرد کە ئەوپەڕی هەوڵەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە جێگەی ڕەزامەندی هەمو لایەنەکان بێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە مشتومڕی سیاسی سەبارەت بە نووری مالیکی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆکایەتی وەزیران بەردەوامە، ئەوەش دوای تویتێکی ترەمپ کە تێیدا داوای دوورخستنەوەی مالیکی لە دەسەڵاتی عێراق کردبوو و داوایکردبوو ئەزموونەکانی ڕابردووی دووبارە نەکرێنەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەگەری گۆڕینی کاندیدەکە لە ئەنجامی هەڵوێست و فشارە دەرەکییەکان.

News ID 226807

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha