کوردپرێس: قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: "۱۷ کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار ڕێکارە یاساییەکانیان تەواو کراوە و لە زیندان ئازاد کراون و هاتوونەتە دەرەوە".
ئازادکردنی ئەو تۆمەتبارانە دوای ئەوە دێت، کە "هیچ تۆمەتێکیان لەسەر ساخ نەبووەتەوە".
بورهان رەشید گوڵە، یەكێکی دیکەیە لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی دەڵێت: "بڕیاربوو ژمارەیەک لە دەستگیرکراون ئازاد بکرێن، بەڵام بە فەرمی ئازادکردنەکەیان بە من نەگوتراوە".
دوێنێ بۆ یەکەم جار، لاهوور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی. بورهان رەشید گوڵە، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ وردبینیکردن دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی نێردرا بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و لەوێ بڕیاری لەسەر دەدرێت".
شەوی ۲۲ی ئابی ۲۰۲۵، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی رازینەبوو خۆی رادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزی چەکداری لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم-سلێمانی دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە و گوتیان، بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی پلانی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان هەبووە و کاریان لەسەر کردووە.
Your Comment