کوردپرێس: ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) سیپان حەمۆ، دەربارەی هێرشی گرووپە چەتەکانی سەر بە حکوومەتی کاتیی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و بەنی زەید لە حەلەب و ئەو کۆبوونەوەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار لە دیمەشق ئەنجامدرا، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ کەناڵی ڕۆناهی دوا.
لە سەرەتای قسەکانیدا سیپان حەمۆ، وردەکاریی کۆبوونەوەکەی دیمەشق لە نێوان قەسەدە و حکوومەتی کاتیی سووریا کە لە ٤ـی ئەم مانگە ئەنجام درا باس کرد و وتی: هێزە نێونەتەوەییەکان نێوەندگیرییان دەکرد.
هەردوولا ئەم خاڵانەیان قبوڵ کرد، چووینە کۆبوونەوەی کۆتایی، کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی بوو. چونکە هەردوولا خاڵە هەبووەکانیان قبووڵ کردبوو. تەنانەت هێزە نێونەتەوەییەکان دەیانویست ئەو پێشهاتانە بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەندرێت. لە کاتێکدا باسی ئەم بابەتەمان دەکرد، بەرپرسێکی تری دەوڵەت هاتە ژوورەوە، کاتێک بینی کۆبوونەوەکە بە شێوەیەکی ئەرێنی دەڕوات، بەرپرسی هەواڵگریی و وەزیری بەرگریی لەگەڵ خۆی برد و ڕۆیشتن. کاتێک گەڕانەوە، وتیان "لە ئێستادا هیچ لێدوانێک نادەین، بۆ ٧ یان ٨ـی مانگ جێی بهێڵن." دەرکەوت پیلانگێڕیی و فێڵێک لەئارادایە. بەڵام دیار نەبوو شێخ مەقسوودە یان شوێنێکی تر. بۆنی پیلانگێڕییەک دەهات. پاشان زمانی هەڕەشەکردن لە شێخ مەقسوود پەرەی سەند.
حەمۆ ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی گەڕەکی شێخ مەقسوود بڕیاری بەرخۆدانی داوە و وتی: هەرچەند ئێمە وەک قەسەدە لەوێ کشابووینەوە، ڕێزمان لە بڕیارەکەیان گرت و پشتگیرییمان لێ کردن. بێجگە لە خاوەنداریکردن لەم بڕیارە، هیچ هەلێکی تر نەبوو، زۆ شت وترا، دەوترا ‘با قەسەدە جووڵە بکات، پێشڕەوی بکات’. پێویستە بزانرێت، لەم ڕووەوە، حیساباتی فرەلایەن هەبوون. بابەتەکە تەنها شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە نەبوون.
هەمووان دەزانن هێرشی سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە ڕاگەیاندنی دەرەوەی سووریاوە ڕاگەیاندرا نەوەک لە ڕاگەیاندنی ناوخۆوە. بەرپرسی هەندێک وڵات لە هەمان ڕۆژدا لە دیمەشق بوون و بەڵێنی پشتیوانییان بۆ حکوومەتی کاتییی دیمەشق دووپاتکردەوە، بەم پشتگیرییەوە شەڕی دژی شێخ مەقسوود ڕاگەیاندرا.
سیپان حەمۆ ئاماژەی بەوەدا، ئێستا جیهان عەفرین و شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەناسێت، ئەمەش بەرئەنجامی بەرخۆدانی ئەو هەرێمانەیە، سەلماندیان کورد هەر دەمێنێت و کوردیان لە دەوری یەک هەڵوێستییەک کۆکردەوە، وتی: بەم بۆنەیەوە، سڵاو لە هەڵوێستی باکوور و هەولێر و سلێمانی دەکەم. ئەم هەڵوێستە نیشانی دا کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. دەزگا میدیاییە خاوەن بیروڕا جیاوازەکان، بە یادکردنەوەی شەهیدان بەرنامەکانیان دەست پێ کرد. کورد بەم جۆرەن. تەنانەت ئەگەر لەم گۆشەنیگایەشەوە سەیری بکەین، چەندە ئازارەکان گەورەن، بەڵام کەموکورتییمان هەیە، جەخت لە خۆڕەخنەکردن دەکەمەوە، ئەم بەرخۆدانە دەستکەوتی گەورەی هێنایە ئاراوە. خۆزگە دەرفەتمان هەبوایە نەهێڵین یەک بەرد لە نزیک خەڵکی عەفرین بکەوێتە خوارەوە. بەڵام بەداخەوە ئێمە لەنێو جیهانێکی زۆر پڕ لە گەمە و پیلان و بێبەزەییدا دەژین. ڕەگ و ڕیشەی ئەم پیلان و گەمەیە زۆر قووڵە.
لە وەڵامی پرسیاری ‘قەسەدە دەیتوانی دەستێوەردان بکات؟’، سیپان حەمۆ وتی: زیاد و دەنیز و هەموو هەڤاڵانی تر، هەڤاڵی ئێمە بوون، هەموومان سەر بە هەمان قوتابخانەین. لە هەمان شوێنەوە دێین. بەرخۆدانی شێخ مەقسوود، بەرخۆدانی ئێمەیە. پێویست ناکات هەندێک دەستێوەردان بە ئاشکرا بکرێن! هەڵبەتە ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ ئەمە دەکەین. کەموکورتیمان هەیە، ئەمەمان قبووڵە. لەم ڕووەوە، ڕەخنەکانی گەلانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود و عەفرین لە جێی خۆیاندان. هەر وەڵامێکیان بدەینەوە، هێشتا کەمە. بێگومان خۆڕەخنەکردن دەبێت. بەڵام دەبێت بزانرێت، هەندێک دەستێوەردان دەبنە مایەی ناڕەحەتی گەورەتر. چەند نموونەیەکمان خستەڕوو. بۆ نموونە، دەوڵەتێک پشتگیریی لە هێرشەکەی حکوومەتی کاتییی دیمەشق کرد، بەڵام ئەمەی لە میدیاکانەوە ڕانەگەیاند! دیسانەوە دەڵێم، ئەو درۆن و تانکانەی لەوێ بەکارهاتن، هی دەوڵەتی تورک بوون.
بەڵام ئەمەیان ئاشکرا نەکرد. پێویست ناکات هەندێک جار ئاشکرای بکەن.
سەبارەت بەو ڕێککەوتنەی دوای شەڕەکە لە دوو گەڕەکەکە کران، سیپان حەمۆ وتی: کاتێک هەڤاڵەکانمان بەرخۆدانیان کرد، ناچار بوون ڕێککەوتن بکەن. ڕاگەیاندرا کە لە بەرامبەر کشانەوەی هێزە سەربازییەکاندا بە شێوەیەک ئاسایشی گەڕەکەکان مسۆگەر دەکرێت. ئەو بەڵێنە درا. دەمەوێت ئەمە بڵێم؛ ئەگەر ئەو هێزە نێوەندگیرانە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکەن، ئەوان بەرپرسیار دەبن لەو کۆمەڵكوژییانە.
سیپان حەمۆ ئاماژەی بە شەڕی تایبەت لە میدیای دیجیتاڵدا کرد، وتی: لە دیجیتاڵ میدیادا، ساختەکردنی ڕاستییەکان و درۆ و چەواشەکاریی بەرفراوان هەیە. پێویستە پشتگیریی لە یەکتر بکەین. ئەگەر ئەمە بکەین، دەتوانین گەمە و پیلانەکانی سەر گەلی کورد تێکبکشێنین.
سیپان حەمۆ جەختی کردەوە، کە لەڕێی هێرشی سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەوە ویستیان شەڕ و ناکۆکیی نوێ لە نێوان کورد و عەرەبدا هەڵبگیرسێنن، ئەمەی بە پیلان و یارییەکی مەترسیدار ناوبرد و وتی: هێشتا باوەڕمان بە دیموکراسی و ئیرادەی هەموو پێکهاتەکانی سووریا هەیە، دەمانەوێت پێکەوە لە سووریایەکی دیموکراتیک بە هەموو پێکهاتەکانەوە بژین. ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەمانەوێت هەندێک ناوچە داببڕین، بەم پاساوە هێرش دەکەنە سەرمان. نەخێر پێچەوانەکەی ڕاستە. ئێمە بەرگریی لە پێچەوانەکەی دەکەین، دەمانەوێت لە سووریایەکی دیموکراتیکدا هەمووان بەپێی ڕەنگ و ئیرادەی خۆیان بژین. دەمانەوێت ئاشتی و سەقامگیری بەرەوپێش ببەین. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نموونەیە بۆ هەموو سووریا. هێشتا گرێدراوین بەم نموونەیەوە.
سیپان حەمۆ ڕایگەیاند، ڕاستە هێرشی دڕندانە و نەژادپەرستانە بەرانبەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ئەنجامدرا، بەڵام دڵی پێکهاتەکانی سووریا لەگەڵ هەردوو گەڕەکەکەدایە و وتی: زۆر کەس ویستیان پەیوەندیی بکەن و پشتگیریی خۆیان نیشاندا، سوونی و درووز و عەلەویی و مەسیحی… ئێمە هیچ ناکۆکییەکمان لەگەڵ کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی سووریادا نییە.
سەبارەت بەوەی ئایا کۆبوونەوەکانی نێوان قەسەدە و دیمەشق بەردەوام دەبن یان نا، سیپان حەمۆ وتی: هێشتاش ئێش و ئازار دەچێژین. یادی شەهیدەکانمان دەکەینەوە و چارەسەری بریندارەکانمان دەکەین. هێشتا هەڵسەنگاندنمان بۆ ئەم بابەتە نەکردووە. بێگومان هەڵسەنگاندنێکی فەرمی بۆ دەکرێت. کامە هەڵوێست ڕاست و درووست بێت، ئەوە دەگیرێتەبەر.
سیپان حەمۆ ڕایگەیاند، لە ماوەی ئەم ١٤ بۆ ١٥ ساڵەدا زیاتر لە ١٦ هەزار شەهید هەبووە و تا ئەندامێکیان بمێنێت تێدەکۆشن و گەلەکەیان دەپارێزن و وتی: لە کەسێتی زیاد حەلەب و دەنیزدا، دووبارە ئەمەمان بینی. بێگومان بەرگریی تەنها بە چەک نابێت. هەندێ جار بە سیاسەت و عەقڵ دەبێت. قەسەدە خاوەنی ئەم هێزەیە. لە هەرێمەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری تا کۆتایی ئەم ئەرکە جێبەجێ دەکات. دەبێت گەلەکەمان بزانێت کە ئێمە باوەڕمان بە کۆمەڵگەیەکی خۆپارێزە. نابێت ئێمە وەک هێزێکی جیاواز ببینن. ئێمە ڕۆڵەی ئەم گەلەین. ڕۆڵەی ئەم کۆمەڵگەیەین. ڕاستە، ئێمە لە بەرەکانی پێشەوە بەرخۆدان دەکەین، بەڵام بەرگریکردن ئەرکی هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە.
سەبارەت بە پرسیاری "دوایین پەیامت بۆ زیاد حەلەب و دەنیز کە تەرمەکەی لە باڵکۆنەوە فڕێدرا، چییە؟"، سیپان حەمۆ وتی: من تا دوا سات قسەم لەگەڵ زیاد حەلەب دەکرد. دوا وتەی ئەمە بوو: "ئەگەر شەهیدبووم، داوای لێبووردن لە هەمووان دەکەم’. ئەمە دوا وتەی بوو بۆ ئێمە".
Your Comment