ئیسرائیل ئامادەبوونی سەربازی لە خاکی سووریا فراوان دەکات

ئیسرائیل بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا فراوانتر کردووە و ئێستا کۆنترۆڵی زیاتر لە ۱,۸۰۰ کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی سووریای کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم ناوچانە بەرزاییەکانی جۆلان و بەشێک لە پارێزگاکانی قونەیتەرە، دەرعا و سوەیدا دەگرنەوە. ئامانجی سەرەکیی کۆنترۆڵکردنی ئەم ناوچانە، وەک ئەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل باسی دەکەن، دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەنی سنوورەکان و گۆڕینی هاوکێشەی ستراتیژییە لە ناوچەکەدا.

گۆڕانکارییەکان دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا لە کۆتایی ساڵی ۲۰۲۴ دەستیان پێکرد. سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی "تیری باشان" ئەنجامدا. لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی چوونە ناو ناوچەی بێچەکی نێوان سووریا و بەرزاییەکانی جۆلان.

 ئەم جووڵە سەربازییە بووە هۆی کۆنترۆڵکردنی شاری قونەیتەرە و لوتکەی چیای شێخ (جەبەل شێخ) لەلایەنی سووریاوە. ئەمە یەکەمجار بوو لە ماوەی ۵۰ ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل بە فەرمی سنووری ئاگربەستی ساڵی ۱۹۷۴ ببەزێنن.

پێشتر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، جەختی لەوە کردووەتەوە، "ڕێککەوتنی ئاگربەستی ۱۹۷۴ بەهۆی ڕووخانی سوپای سووریاوە کۆتایی هاتووە. کۆنترۆڵی کاتیی ناوچەکە بۆ دڵنیابوونە لەوەی هیچ هێزێکی دوژمنکار لە نزیک سنووری ئیسرائیل جێگیر نابێت".

لەم دواییانەدا و بە نێوەندگیریی ئەمەریکا، گفتوگۆی دیپلۆماسی لەنێوان ئیسرائیل و حکوومەتی نوێی سووریا لە پاریس دەستیپێکردووە. ئیسرائیل ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری نیشانداوە، بەڵام دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکانی بە هێڵی سوور دادەنێت.

News ID 226728

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha