بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بورهان ڕەشید، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی ئەمڕۆ دووشەممە، ۱۲ـی کانوونی دووەمی ۲۰۲۶بە میدیاکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: دادگاییکردنەکە بەپێی ماددەی ۵۶ بوو لەسەر داوای ئەوان و دادگای پێداچوونەوە، دادگا بڕیاریدا دۆسیەکە بۆ وردبینی بگوازرێتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەولێر.
ناوبراو وتیشی، دوای وردبینی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بڕیار لەبارەی دۆسیەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بە گشتی بە باشی بەڕێوەچوو.
هاوکات گواستنەوەی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و ۱۱ دەستگیرکراوی دیکە بۆ هەولێر، لەسەر داواکاری بنەماڵەکەیان بووە.
شایانی باسە لە ۲۲ـی ئابی ۲۰۲۵، ژمارەیەک هێزی ئەمنی و سەربازی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، کە بە بارەگای سەرەکیی لاهوور شێخ جەنگی دادەنرا، لە ئەنجامدا ژمارەیەک کەس کوژران و برینداربوون.
دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر لە شەڕ و پێکدادان، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە سەرکردە و کارگێڕانی بەرەی گەل دەستگیرکران.
Your Comment