١٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ١٠:٤٣
لاهوور شێخ جەنگی دادگایی دەکرێت

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، لاهوور تاڵەبانی (شێخ جەنگی)، سەرۆکی بەرەی گەل ئەمڕۆ دووشەممە دەبرێتە بەردەم دادگای سلێمانی بۆ ئاڕاستەکردنی تۆمەتەکانی و دادگاییکردنی.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەیەکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی ڕۆژی یەکشەممە بە میداکانی ڕاگەیاندووە: "ڕۆژی دووشەممە بۆ یەکەمجار لاهوور شێخ جەنگی دەبرێتە بەردەم دادگای سلێمانی و یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی بەڕێوەدەچێت".

پێشتر و لە ۲۶ی ۱۱ی ۲۰۲۵دا سەرچاوەیەکی باڵای دیپلۆماسی ڕاگەیاند لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل دەبرێتە بەردەم دادگا و دۆسیەی یاسایی بۆ دەکرێتەوە، بەڵام بردنی بۆ دادگا دواخرا.

شایانی باسە  ۲۲ی (ئاب/۸)ـی ۲۰۲۵، هێزێکی ئەمنی چوونە سەر ماڵی لاهوور شێخ جەنگی و هۆتێل لالەزار لە گەڕەکی قلیاسانی شاری سلێمانی و دوای چەند کاتژمێرێک لە گەمارۆدانی ماڵەکەی ڕوبەڕوبونەوە رویدا، دواتر لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی برای و دەیان پاسەوانی سەر بە هێزەکەی دەستگیرکران و تائێستاش لە زینداندان.

بەرپرسانی یەکێتی لەنێویاندا قوباد تاڵەبانی، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان لەماوەی ڕابردوو لەبارەی ڕووداوەکانی ۲۲ی (ئاب/۸)ـی ۲۰۲۵ باسی لەوەکردبوو، لاهوور شێخ جەنگی و هێزەکەی پلانیان بۆ کوشتنی بافڵ تاڵه‌بانی داناوە.

News ID 226725

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha