بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تۆڕی هاوپەیمانیی ۱۹ کە سەر بە سەنتەری میترۆیە، لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: "نیگەرانین لە هەڵکوتانە سەر ماڵی مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی و دەستگیرکردنی بەبێ تۆمەتی ڕوون؛ داوا لە لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانی دەکەین روونکردنەوە لەسەر هۆکاری دەسگیرکردنەکەی بدەن".
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، لەمبارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی ڕاگەیاند: "ئاگاداری دەستگیرکردنی مامۆستا دڵشادین و لەسەرهێڵین بۆ ئازادکردنی؛ئەمڕۆ یان سبەی ئازاد دەکرێت".
جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان کە کار لە دۆسیەی ئەو مامۆستایەدا دەکات کە دوێنێ دەستگیرکراوە دەڵێت: "پێموایە هۆکارەکەی ئەوەیە مامۆستا دڵشاد میرانی کە کەسێکی دیاری نێو مامۆستایانی ناڕازییە داوای بایکۆتی کردووە و بۆیە دەستگیرکراوە. لە رابردووشدا یەکێک بووە لەو مامۆستایانەی ناڕەزایی دەربڕیوە و بایکۆتیان کردووە".
لە راگەیێندراوەکەی تۆڕی هاوپەیمانی ۱۹دا هاتووە، دڵشاد میرانی لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە رۆژی شەممە بڵاوی کردووەتەوە، "داویکرد مووچەی بڕاوی فەرمانبەران و مامۆستایان کە لای حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە خەرج بکرێ، کە زیاتر لە ۴۶ مووچەیە، بۆ ئەمەش رایگەیاندبوو رۆژی یەکشەمە ۰۴-۰۱-۲۰۲۶ بایکۆتی سەرتاسەریی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت".
بەگوێرەی پێناساندنی خۆیان، تۆڕی ۱۹ "لە لایەن کۆمەڵێک رێکخراو و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەکات، داکۆکی لە پرەنیسپەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان دەکات، بە تایبەت بەندی ۱۹ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان".
Your Comment