بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا هاتووە: مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ۲۳/۱۲/۲۰۲۵ بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدەباشان، کۆ بووەوە، بە وردی پرسەکانی پێکهێنانی هەردوو حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تاوتوێکرد.
دەشڵێت: کۆبوونەوەکە، پەیوەست بە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم، سووربوونی یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی دادپەروەری خزمەتگوزاری نیشتمانیی نیشاندا؛ لەسەر ئەوبنەمایەش، یەکێتی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەرانەی کراوەیە.
ڕاشیگەیاندووە: هەروەک، لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵیش، لە کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیدا، تەئکید کرایەوە لەوەی یەکێتی مەبەستییەتی لە بەغدادیش حکوومەتێکی خزمەتگوزاریی نیشتمانیی پێکبهێنرێت، کە تێیدا ماف و شایستە دەستوورییەکانی گەلەکەمان پارێزراوبێت و گوزارشت بکات لە خواستی هەموو پێکهاتەکانی وڵات، ئەمەش لەسۆنگەی تێڕوانیی دروستیی یەکێتییەوەیە، کە بەغداد قوڵایی ستراتیژی هەرێمی کوردستانە. بۆ ئەو مەبەستەش، گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بەردەوامدەبێت، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا.
Your Comment