هەڵگرتنی سزای قەیسەری سەر سووریا لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە پشتیوانی لێدەکرێت

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، پشتیوانی لە هەڵگرتنی سزاکانی یاسای قەیسەر لە سەر سووریا دەکات و پێشوازی لە وەبەرهێنانەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە: "ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، پشتیوانی لە هەڵگرتنی ئەو سزایانە دەکات کە بەپێی یاسای قەیسەر بەسەر سووریادا سەپێنراون، ئەویش لە ڕێگەی پرۆژە یاسای ڕێگەپێدانی بەرگری نیشتمانی کە ئێستا لەلایەن یاسادانەرانی ئەمریکاوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەمریکا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشوازی لە هەر وەبەرهێنەرێک دەکات کە وەبەرهێنان لە سووریا بکات، بەو مەرجەی دەرفەت و هەلی کار بۆ هەموو سووریەک بڕەخسێنێت بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێکی خۆشگوزەران".

شایانی باسە "یاسای قەیسەر" یاسایەکی ئەمریکایە کە سزای بەسەر حکوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ڕژێمی پێشووی سووریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزە و بیناسازی دەگرێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ۲۰۱۹ واژۆ کراوە و لە مانگی حوزەیرانی ۲۰۲۰ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

News ID 226357

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha