پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکەم کە خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلانی دەڤەرەکەمان بکات

مەسعوود بارزانی لە پەیامێکدا بۆ کۆنفڕانسی دەم پارتی ڕایگەیاند، هیوادارم ئەنجام و راسپاردەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی، چارەسەری کێشە و پێویستییەکانی سەردەمی قۆناغی نوێ بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەڤەری ئێمە و هەموو جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ، هەموو ئاماژەکان دەرخەری دەستپێکێکی نوێن کە دەکرێ پڕبێ لە ئاستەنگی، یان پڕبێ لە دەرچەی نوێ بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی سەربەرز و ئاشتییانە و بە شکۆ بۆ گەلانی ناوچەکە. پێویستە هەموو لایەنەکان وانە لە هەڵەکانی سەردەمی پێشوو وەربگرن، بە نەفەسێکی نوێ، تێڕوانینێکی روون و پڕ باوەڕیی و هیواوە رەفتار لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و پێشهاتە نوێیەکاندا بکەن.

دەقی پەیامی مەسعود بارزانی کە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی خوێندرایەوە:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەڕێزان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی، بەڕێزان ئەندامانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، ئامادەبووانی بەڕێز، رۆژتان باش و سڵاوێکی گەرم بۆ هەمووتان.

لە سەرەتادا دەمەوێ سوپاس و دەستخۆشی خۆم لە رێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە بکەم، هیوادارم ئەنجام و راسپاردەی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی، چارەسەری کێشە و پێویستییەکانی سەردەمی قۆناخی نوێ بکات.

بەڕێزان؛ دەڤەری ئێمە و هەموو جیهان بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ، هەموو ئاماژەکان دەرخەری دەستپێکێکی نوێن کە دەکرێ پڕبێ لە ئاستەنگی، یانیش پڕبێ لە دەرچەی نوێ بۆ ئارامی و ئاسایش و ژیانێکی سەربەرز و ئاشتییانە و بە شکۆ بۆ گەلانی ناوچەکە. پێویستە هەموو لایەنەکان وانە لە هەڵەکانی سەردەمی پێشوو وەربگرن، بە نەفەسێکی نوێ، تێڕوانینێکی ڕوون و پڕ باوەڕیی و هیواوە رەفتار لەگەڵ هەموو ئاستەنگ و پێشهاتە نوێیەکاندا بکەن. هەموو کاتێک گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزی. لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی سوودمەند دەبێت.

بەڕێزان؛ لە دڵمەوە دەستخۆشی لە حکوومەتی تورکیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجەلان، و هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە دەرگایان بۆ پڕۆسەی چارەسەری و ئاشتی رەخساندووە، منیش لای خۆمەوە پشتیوانیی هەر هەوڵێک دەکەم کە خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلانی دەڤەرەکەمان بکات.

هیوای سەرکەوتن بۆ ئێوە دەخوازم، بمێنن لە خێر و خۆشیدا.

News ID 226572

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha