کوردپرێس: به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێکی باره‌گای بارزانی، ڕۆژی چوارشه‌ممه لە شاری دهۆک مه‌سعوود بارزانی پێشوازی له مه‌زڵووم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی سووریای دیموکرات کرد، له کۆبوونه‌وه‌که‌دا که محه‌مه‌د ئیسماعیل سه‌رۆکی ئه‌نه‌که‌سه و عوسمان بایده‌میر سیاسه‌تمه‌داری کورد و چه‌ند که‌سایه‌تی و به‌رپرسی تر به‌شداربوون، مه‌سعوود بارزانی خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی که هه‌ردولایه‌ن به‌یه‌که‌وه به‌شدارن له کۆڕبه‌ندی مێپس ۲۰۲۵ له دهۆک و پاشان بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا له‌سه‌ر بارودۆخی سووریا و ناوچه‌که.
مه‌سعوود بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌کردوه، پێویسته پرسی کورد به شێوازێکی دیموکراسیانه و ئاشتیانه له چوارچێوه‌ی سووریای تازه‌دا چاره‌سه‌ر ببێت و هه‌ڵه‌کانی ڕابردوو چاره‌سه‌ر ببن و دوباره نه‌بنه‌وه، بارزانی جه‌ختی له پشودرێژی و ته‌بایی و یه‌کریزی هێز و لایه‌نه سیاسیه‌کانی کورد کرده‌وه و و وتی: "نابێت مافه‌کانی گه‌لی کورد پێشێل بکرێن".
له ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی باره‌گای بارزانیدا هاتووه، له به‌شێکی دیکه‌ی دیداره‌که‌دا، فه‌رمانده‌ی هێزه‌کانی سوریای دیموکرات "سوپاسی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کرد بۆ بانگهێشتنامه‌که‌ی بۆ کۆڕبه‌ندی مێپس ۲۰۲۵، باسی له ڕۆڵی مه‌سعوود بارزانی کرد له به‌رامبه‌ر هه‌وڵه‌کانی له‌پێناو نزیکبونه‌وه و به‌دیهێنانی یه‌کڕیزی له‌نێوان لایه‌نه‌کانی ڕۆژئاوای کوردستان و هه‌روه‌ها پاڵپشتیه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی به‌رز نرخاند که له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ده‌رگایان کراوه‌بوو بۆ حه‌واندنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، هه‌روه‌ها پاڵپشتیه‌کانی هه‌رێمی کوردستانی له تێکشکاندنی تیرۆر به‌رز نرخاند، مه‌ترسیه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و پشتیوانی پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری ئاشتی له تورکیا ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبونه‌وه‌که بوون".
ڕۆژی سێشه‌ممه دیداری مێپس له زانکۆی ئه‌مریکی له دهۆک کاره‌کانی ده‌ستپێکرد، به‌رپرسانی باڵا له ئاستی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌که به‌شداریان تیادا کردوه، ئه‌مڕۆش کۆتایی به‌کاره‌کانی دێت، یه‌کێک له میوانه‌کانی دیداره‌که‌ش، مه‌زڵوم عه‌بدی فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده بو که ئێواره‌ی دوێنێ گه‌یشته هه‌رێمی کوردستان و ئه‌مڕۆش به‌شداری له دیداره‌که‌دا کرد.
Your Comment