یارمەتی هیچ لایەنێکمان دژی ئێران نەداوە/ تا ڕادەیەکی زۆر لێکتێگەیشتنی هاوبەشمان هەیە

نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا هەرێم یارمەتی هیچ لایەنێکی داوە دژی ئێران وتی: ئێمە قەت شتی وامان نەکردووە و ناشیکەین؛ ناشیکەین چوونکە بنەمایەک هەیە ئێمە پەیڕەوی دەکەین لە سیاسەتدا، ئەویش ئەوەیە دەمانەوێ فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بین.

کوردپرێس: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا باسی لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت ئێران و گرژییەکانی ناوچەکە، بابەتی دەستوور و فیدراڵی، پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و پرسەکانی کوردستانی سووریا کرد.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کێشەی ناوچەکە و رۆڵی هەرێمی کوردستان گوتی، "سیاسەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بەو شێوەیە بووە، فاکتەری ئارامی بێت لە ناوچەکەدا."

دەقی گفتوگۆ تایبەتەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک:

پرسیار: سوپاس سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ ئامادەبوونت لەم گفتوگۆیە.  

نێچیرڤان بارزانی: سەلامەت بیت.

پرسیار: زاراوەی من سنەییەکی زۆری تێدایە؛ هیوادارم لێم تێبگەی.

نێچیرڤان بارزانی: کێشە نییە، ئێمەش زۆر لەوێ بووین، تێدەگەین.

 پرسیار: ئاڵوگۆڕییەکی زۆر لەم ناوچەیە هەبووە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، لە لوبنانەوە بیگرە تاوەکو ئیسرائیل، سووریا، ئێران و عێراق. زۆرم پێخۆشە بزانم، کوردستان چۆن توانیویەتی خۆی لەم هەموو کێشەیە بپارێزێت؟

نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس، پێشەکی من دەبێت سوپاسی رێکخەرانی [کۆڕبەندی] مێپس بکەم لە دهۆک، بەڕاستی دەستخۆشییان لێدەکەم بۆ ئەم کۆبوونەوە و ئەم رێکخستنەی کە ئەمڕۆ بینیمان، خەڵکێکی زۆر بەشداری لەم کۆنفرانسە کرد، دەستخۆشی لە رێکخەرانی دەکەم، دەستخۆشی لە کاک مەسرور دەکەم. هەموو رێکخەرەکان کارێکی زۆر باشیان کردووە، زۆر سوپاسیش بۆ جەنابت، سنەییەکە موشکیلە نییە، بەپێچەوانەوە پێمان خۆشە، بۆ ئەوەی بیرمان بێتەوە. وەک سیاسەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوەمان داوە، فاکتەری ئارامی و ئاسایش بین لە ناوچەکە. بە پێچەوانەوە، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو ئێمە رۆڵمان لە عێراقیش هەبوو، لەگەڵ برایانمان لە بەغدا هەموو هەوڵێکمان دا ئێمەی هەرێمی کوردستان و عێراقیش نەبینە بەشێک لەو کێشانەی لە ناوچەکە روویاندا. سیاسەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە وابووە کە فاکتەرێک بێت بۆ ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە. ئەمە سیاسەتێکە کە هەرێمی کوردستان پەیڕەوی کردووە و لەسەر ئەو سیاسەتەش دەمێنێتەوە.  

پرسیار: لە چەند مانگی ڕابردوودا ئیسرائیل پەلاماری ئێرانی دا، عێراق بە گشتی توانی خۆی لەم کێشەیە بپارێزێ، بەڵام ئاسمانی عێراق شوێنی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بوو، هەروەها مووشەکەکانی ئێران بە ئاسمانی عێراقدا رۆیشتن. تۆ ئەم کێشەیە چۆن دەبینیت کە ئەمڕۆ لە ناوچەکە هەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: وەک بنەما، پێمان وانییە ئەو کێشانەی هەن بە تووندوتیژی و چەک چارەسەر بکرێن. ئێمە پێمان وایە، ئەو کێشانەی کە هەن بەشێوەیەکی گشتی پێویستیان بە بیرکردنەوەیەکی دروست و گفتوگۆی جیدی هەیە. شەڕکردن لە ناوچەکە سەلماندی لە ماڵوێرانیی زیاتر هیچی دیکە بەدی نایەت. ئێمە ئەگەر سەیری بکەین، لە ئەنجامی ئەو شەڕانە ماڵوێرانییەکی زۆر دروست بوو لە ناوچەکە؛ لە فەلەستین و شوێنەکانی دیکە. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە پێمان وایە دەبێ کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. خۆشحاڵین بەوەی ئێستا دەستپێشخەرییەک هەیە بۆ ئەم بابەتە. بڕیاری دوێنێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم بابەتە بڕیارێکی گرنگ بوو؛ ئەوەی کە سەرۆک ترەمپ دەستیپێکردووە. ئێمە هیوادارین ئەم هەوڵە بگاتە ئەنجام.  

پرسیار: ماوەیەک لەمەوپێش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی بۆ جەنابت نارد و بۆ هەوڵەکانی ئاشتی دەستخۆشی لێکردیت. دوای ئەویش مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نامەیەکی بۆ ناردی کە نامەکەی درێژتر بوو، سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێوە و کوردستان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لێرە. بەبڕوای ئێوە، رۆڵی ئەمریکا و ترەمپ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چییە؟ بەڕای ئێوە تا چ رادەیەک ئەمریکا دەتوانێت رۆڵ ببینێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەمریکا هێزێکی گەورەیە لە جیهاندا، سوپەر پاوەرە، دەتوانێ رۆڵێکی زۆر گرنگ ببینێت لە ناوچەکە. ئەوەی کە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان، من هەروەک بە جەنابتم گوت لە دەستپێکی قسەکانمان، ئێمە لە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکمان هەیە؛ دەمانەوێت فاکتەری ئەمن و ئاسایش بین لە ناوچەکە. ئێمە دەمانەوێت کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. دەمانەوێ رۆڵمان هەبێت بەوەی لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی گشتی ئاشتی و ئارامی هەبێ. هەرێمی کوردستان توانیویەتی بیسەلمێنێت کە دەتوانێ ببێتە فاکتەری ئەمن و ئاسایش لە ناوچەکەدا. لەبەرئەوە لەم چوارچێوەیەدا ئێمە دەبینین ئەمریکا دەتوانێ رۆڵی زۆر جیدی بگێڕێ، چ لەسەر کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، چ لەسەر ئەو کێشانەی لە ناوچەکەدا هەن، بە حوکمی ئەوەی سوپەر پاوەرە و دەتوانێت زۆر شت بکات.

پرسیار: لە چەند رۆژی رابردوودا هەڵبژاردن کرا، دەتوانین بڵێین پارتی وەک حیزب لە عێراق زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەمڕۆ گوێم لە قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سوودانی بوو، باسی ئەوەی کرد کە ئەوان فراکسیۆنێکی گەورەیان لە حیزبەکانی دیکە دروستکردووە بۆ ئەوەی حکوومەتی داهاتوو دروست بکەن. ئایا لەنێو حیزبەکانی کوردستاندا ئەو بڕیارە هەیە کە هەمووتان پێکەوە بەیەک دەنگ بڕۆنە بەغدا و ئەو کێشانەی لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستاندا لە چەند ساڵی رابردوودا هەبوون، لەسەر بابەتی مووچە و بابەتی ئەمنی (چارەسەر بکەن)؟ من خۆم چەند مانگێک لێرەبووم، بینیمان چەندین هێرش کرایە سەر کێڵگە نەوتییەکان. چۆن دەتوانن ئەو کێشانە چارەسەربکەن؟ ئایا گفتوگۆ لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی کوردستان هەیە کە بەیەک دەنگ بڕۆنە بەغدا؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڕای من، دەبێ ئەو بڕیارە هەبێت کە هێزە کوردییەکان پێکەوە بچنە بەغدا. ئێمە پێکەوە دەتوانین ئەو دەستکەوتانە بەدەستبهێنین؛ ئەوانەی هەموو لایەکمان هەوڵیان بۆ دەدەین، خەباتیان بۆ دەکەین، کاریان بۆ دەکەین. من پێموایە، هێزە کوردستانییەکان هەرچەندە لەناو خودی هەرێمی کوردستاندا زۆر ناکۆک بن، پێویستمان بەوەیە لە بەغدا فۆرمیولەیەک بدۆزینەوە. دەبێ هێڵەکان زانراو بن؛ چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان چییە؛ بەشێک کێشەی حیزبە لەگەڵ حیزبەکان. ئێمە کێشەمان هەیە لەگەڵ حیزبێک، حیزبێک کێشەی لەگەڵ حیزبێکی دیکە هەیە. ئەوانە هەموویان لەشوێنی خۆی، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە هەموومان لەسەر یەک شت رێککەوین، لەسەر ئەوەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان چییە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان. پێموایە گرنگە هێزە کوردستانییەکان، هەموو ئەوانەی کە براوە بوون لەم هەڵبژاردنانە، بەپێی قەبارەی خۆیان، بەزووترین کات بە کاخەزێکی هاوبەش پێکەوە، نەوەک بە جیاجیا، پێکەوە بچنە بەغدا، دانوستاندن بکەن و چوارچێوەیەکیش دابنێن و بزانن بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لەکوێیە و لەو چوارچێوەیە دەرنەچن. سەرەڕای هەموو ئەو کێشانەی لەنێو خۆمان هەمانن، چونکە ئێمە زۆرجار گوتوومانە؛ پێویستە لە بەغدا بەهێزبین. بەهێزبوونی کورد لە بەغدا گەرەنتییە، چ بۆ عێراق و چ بۆ کوردستانیش. لەبەر ئەوە، ئەوەی من پێمخۆشە و داوای دەکەین ئەوەیە، هێزە کوردستانییەکان پێکەوە بە هاوبەشی بچن لە بەغدا ئامادە بن.  

پرسیار: بەبڕوای ئێوە، لە چوار ساڵی داهاتوودا دەتوانین شاهێدی دەستوورێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستانە بین؟

نێچیرڤان بارزانی: درووشمی ئەمجارەی ئێمە لە هەڵبژاردن ئەوە بوو کە دەبێت عێراق دەستوور جێبەجێ بکات. ئەوە یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئێمە. ئەوە دەبێت داواکاریی هەموو هێزە کوردستانییەکانیش بێت کە دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت. یەکەم شت، سەرچاوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەکوێوە دەستپێدەکات؟ سەرچاوەکەی دەستوور و جێبەجێنەکردنی دەستوورە. ئەو هەڵسوکەوتەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات دەستووریی نییە، زۆر مەرکەزییە، زۆر زۆر. من هەمووجار دەڵێم، لە هیچ سیستمێکی فیدراڵیی جیهاندا ئەو جۆرە سیستم و ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێ، نایبینی. دەستووری عێراق لە ساڵی ۲۰۰۵ بڕیاری لەسەر دراوە، تاوەکو ئێستا قسەی ئێمە وەک هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە دەبێت دەستوور جێبەجێ بکرێت. دەستوور زامنی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانی عێراقە، نەوەک تەنیا هەرێمی کوردستان، پێکهاتەکانی دیکەش؛ سوننەیە، شیعەیە، تورکمانە، مەسیحییە، ئێزدییە، هەموو ئەو پێکهاتانە. ئەگەر بمانەوێ عێراق سەقامگیر بێت، مەرجی یەکەم جێبەجێکردنی دەستوورە. سەبارەت بە دەستووری هەرێمی کوردستان، بەداخەوە من دەتوانم بڵێم، دەبوایە زۆر دەمێک بووایە ئێمە ئەو ئیشەمان کردبا. ئێمە پار هەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتوومان کرد. سوپاس بۆ گەلی کوردستان کە رێژەی بەشداری نزیکەی ۷۲٪ بوو. ئێمە هیوادارین دوای ئەم هەڵبژاردنەی عێراق، ئێمە بتوانین شاهێدی ئەوە بین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێندرێت و بێگومان یەکەم کار و یەکەم خاڵی لەپێشینەی دوای ئەوە، بابەتی دەستووری هەرێمی کوردستان دەبێت.

پرسیار: دەزانم ئەمڕۆ لەم شوێنە لەگەڵ چەند کەس لە سەرکردە، سەرۆکوەزیران و چەند حیزبی دیکەی عێراق گفتوگۆتان کرد. ئایا گەشبینی بەوەی حکوومەتی داهاتووی بەغدا ئەو ئیرادەی هەبێت کە کێشەکان چارەسەر بکات؟

 نێچیرڤان بارزانی: من پێموایە، دوای ماوەیەکی زۆر لە ململانێ و کێشە، ئێمە هیوادارین هەموو لایەک گەیشتبنە ئەو بڕوایەی کە دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن. ئەلفوبێی ئاشتی لە عێراق و سەقامگیریی لە عێراق، کلیلەکەی بە بڕوای من، چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە. من پێموایە ئەگەر بە جیدی عێراق هەوڵبدات ئەو کێشانە چارەسەر بکات، لەڕووی سیاسییەوە عێراق دەکەوێتە قۆناخێکی زۆر جیاوازتر و سەرکەوتووتر لەمە. ئێمە هیوادارین هەموو هێزە عێراقییەکان وانەیەکیان لە رابردوو وەرگرتبێت؛ ئەو وانەیە ئەوەبێت، ئێمە ناو لەو قۆناخە بنێین، قۆناخی جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و قۆناخی جێبەجێکردنی هەموو ئەو کێشانەی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو دەستوورەی کە هەیە. ئێمە هیواخوازین وابێت.

پرسیار: ئەمرۆ بەدرێژایی ئەم بەرنامەیە، چەند جارێک شتی جیاوازم بیست لەو کەسانەی قسەیان لەسەر پرۆسەی ئاشتیی تورکیا کرد. مانگی رابردوو لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا بەرێز رەجەب تەیب ئەردۆغان لە تورکیا دیدارێکتان هەبوو. هەروەها ماوەیەک لەمەوبەر دەستەیەک لە پەرلەمانتارانی کورد لە باکووری کوردستانەوە هاتنە ئێرە و لەگەڵ جەنابت گفتوگۆیان کرد. هەروەها ئەمڕۆ شتێکم لە بەرێز هۆشیار زیباری بیست کە گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی کردەیی ناوە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەرەو پێش بچێت. زۆر کەس نیگەرانە پرۆسەکە وەک ۲۰۱۵ لەباربچێت. پێموابێت بەڕێز ئەحمەد داودئۆغڵو لێرەیە. من ئەوکات دیمانەیەکم لەگەڵی سازکرد. دەزانم جەنابت لەگەڵ هەموو لایەک قسە دەکەیت. سەرەتا دەمەوێ بزانم کە حکوومەتی چ هەنگاوێکی کردەیی ناوە بۆ هاوکاریکردن لەپێناو سەرکەوتنی پرۆسەکە؟ تا چ رادەیەکیش گەشبینیت لەوەی ئەنجامی ئەم پرۆسەی ئاشتییە هاوشێوەی ۲۰۱۵ نابێت؟

نێچیرڤان بارزانی: خۆی ئەمە پرسیارێکی گرنگە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە یەک قسەی کردووە، ئەویش ئەوە بووە کە ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ هاوکاریکردن تا پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت. پێمانوایە پرۆسەکە خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی تورکیا دەکات و کاریگەرییەکی زۆر گرنگیشی لەسەر هەرێمی کوردستان و تەواوی ناوچەکە دەبێت. ئێمە گوتوومانە ئامادەی ئەنجامدانی هەموو کارێکین کە بە ئیمە بکرێ، لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکە. رۆڵی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە. بە شێوەی کردەیی یارمەتیدەر بووین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت. لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەم پرۆسەیە جیدییە یان نا، ئەوەی من لە کۆبوونەوەکانی خۆم لە ئەنقەرە بینیومە، بەتایبەتی لە کۆبوونەوەم لەگەڵ جەنابی سەرۆککۆمار، ئەم پرۆسەیە زۆر جیدییە. بەڵام ئێمە دەبێ واقیعی بین. کێشەیەکی ۴۰ ساڵە، بە شەو و رۆژیک چارەسەر ناکرێ. ئەمە پرۆسەیەکە زۆر پێویستی بە پشوودرێژی و دانبەخۆدا گرتن هەیە. هەندێکجار لەوانەیە لە وێستگەیەکدا وا هەستدەکرێ کە پرۆسەکە گەیشتووەتە بنبەست، کە وانییە. بەڵام ئەنجامی کەڵەکەبووی ئەو هەموو ساڵانە، ئێمە ناتوانین شاهێدی ئەوە بین لە چەند مانگێک چارەسەر بکرێ. من وای دەبینم ئەم پرۆسەیە بە ساڵ بخایەنێت.  بەڵام ئەوەی هەتا ئێستا ئیمە لە پرۆسەکە دەیبینین؛ چ هەنگاوەکانی ئەنقەرە، چ ئەو هەنگاوانەی ئێمە لە لایەنی دیکە دەبینین، بەڵێ لەوانەیە پرۆسەکە هێواش بێت، بەڵام بە بۆچوونی من، پرۆسەیەکی جیدییە و شایستەی ئەوەشە کە هەموو لایەکمان یارمەتیدەر بین بۆ بەئەنجام گەیشتنی. رۆڵی هەرێمی کوردستان ئەو رۆڵەیە کە ماوەیەک لەمەوبەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئاسانکارییەکی بۆ ئەو شاندە کرد کە لە تورکیاوە هاتبوون و چوونە قەندیل. ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە، رۆڵی هەرێمی کوردستان رۆڵیکی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئەو دوولایەنە بگەنە رێککەوتن. دیسانەوە دەڵێم، ئەوەی من لە ئەنقەرە بینیومە و بیستوومە، جیدیەتیکی زۆر هەیە کە ئەم پرۆسەیە دەبێت جێبەجێ بکرێ. ئەوەی کە ئێمە لە بەڕێز ئۆجەلانیشی دەبینین، هەر ئەوەیە کە جەختیکردووەتەوە، ئەو پرۆسەیە دەبێت چارەسەر بێت و بەرەو ئاشتییەک بڕوات کە هەموو لایەک تێیدا سوودمەند بن.

پرسیار: بێگومان پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کاریگەری لەسەر سووریاس هەیە. دەزانم لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە لە سووریا، لە رۆژئاڤا قسەتان کرد.

نێچیرڤان بارزانی: بڕیار وابوو لێرە بێت، نەهاتووە؟ دێت.

پرسیار: بڕیار بوو لێرە بێت؟

نێچیرڤان بارزانی: بڕیار وابوو جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی لێرە بێت. گوتم بزانم نەهاتووە؟ کاک مەسوور دەڵێت، بەرێگەوەیە و دێت.  

پرسیار: ئەگەر بەڕێوەبێت، من دەتوانم چاوەڕێی بکەم بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.

نێچیرڤان بارزانی: کەیفی خۆتە، بەڵام ئەوەندە زووش ناگات. بەڕێگەوەش بێت کاتی پێویستە.  

پرسیار: کاتێک چوونە ئەنتاڵیا لەگەڵ ئەحمەد شەرع (سەرۆککۆماری سووریا) دیدارێکتان هەبوو، هەروەها دواتر لەگەڵ مەزڵووم عەبدی دیدارێکتان هەبوو. دەزانم لە نزیکەوە قسەتان لەگەڵ هەردوولا کردووە. خەڵکی هەرێمی کوردستانیش سەیردەکەن ئاخۆ ئەنجامی ئەو پرۆسەیە لە رۆژئاڤا چی دەبێت؟ بەڵێ، تورکیا رۆڵێکی زۆر گەورەی هەیە. لەگەڵ هەر کێ قسە بکەم، ئەمڕۆ و دوێنێ لەگەڵ دیپلۆمات و مامۆستا و ئەوانی دیکە قسەم کردووە، هەموویان نیگەرانن و دەڵێن، ئەگەر تورکیا بیەوێ ئەو بابەتەی سووریا چارەسەر دەبێت. هەروەک گوتم، لەگەڵ سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغانیش قسەتان کردووە، تا چ رادەیەک ئەوان هەوڵیان هەیە؟ ئەحمەد شەرعیش ئەو ویستەی هەیە کە بەڕاستی کێشەی کورد بەو جۆرە بپارێزێت کە هەیە؟  

نێچیرڤان بارزانی: با من لەوەوە دەستپێبکەم، بێگومان گەلی سووریا وەک وڵات و وەک گەل، شایستەی ژیانێکی زۆر باشترن لەوەی ئێستا هەیە. ئێستا واقیعێک لە سووریا هەیە، ئەویش چییە؟ جەنابی سەرۆککۆمار ئەحمەد شەرع لەوێیە. ئێمە پێمانوایە ئەمە چانسێکی گەورەیە بۆئەوەی سووریا بگەڕێتەوە بۆ ئارامی و ئاسایش. من وا دەبینم. قسەی ئێمە بۆ برایانمان لە سووریا (کوردی رۆژئاڤا) دوو سێ شت بووە. یەکەمیان، ئێمە هەر لە رۆژی یەکەمەوە پێمانگوتوون، بڕۆن بۆ دیمەشق؛ پێمانگوتوون پەرچەمی نوێی سووریا هەڵبگرن، نەوەستن بۆ ئەوەی بانگهێشت بکرێن، چونکە وڵاتی ئێوەیە؛ ئەوێ شوێنی ئێوەیە؛ بۆیە دەبێ بەشدارییەکی کاراتان لە ئایندەی سووریا هەبێت. ئێمە ئەوەمان بە برایانمان گوتووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا راستییەک هەیە. مەزڵووم عەبدی و هێزەکانیان رۆڵێکی بنەڕەتی و گەورەیان بینیوە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بابەتی ئاسایش، چ لە سووریا چ ئەوەی کاریگەری لە عێراق و کوردستان دەکات. ئێمە نابینین سیستمی مەرکەزییەت و بەرێوەبردنی مەرکەزی لە سووریا سیستمیکی دروست بێت بۆ بەرێوەبردن. سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوە، فرەئایین و فرەکەلتوورە. ئێمە پێمانوایە بەرێوەبردنی سووریا بە شێوەیەکی مەرکەزیی بەهێز، سووریا ناگەیێنێتە هیچ ئەنجامێک. پێویست دەکات بیر لە شێوازێک بکرێتەوە. ئێمە داوای ئەوە ناکەین کە ئەم شێوازەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەوێ کۆپی بکرێ. ئەمەمان نەگوتووە. بەڵکو گوتوومانە بەگوێرەی تایبەتمەندیی سووریا و دۆخی خۆیان، دەبێت خۆیان لەگەڵ واقیعی سووریا بگونجێنن. بەداخەوە، لە دیمەشق بیرۆکەیەک هەیە بۆ بەڕێوەبردنێکی مەرکەزیی بەهێز. ئێمە پێمانوانییە ئەو مەرکەزییە بەهێزە بتوانێت ئایندەی سووریا بەرەو باشی ببات. ئێمە پێمانوایە مافی تەواوی نەتەوەکانی سووریا، لە چوارچێوەی سووریادا پێیان بدرێت و بگەن بە مافەکانی خۆیان. هەرێمی کوردستان پشتگیری لەم بۆچوونە دەکات، یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەمە. من پێموایە تورکیا زۆر حەزدەکات ئەو کێشانە چارەسەر بن. بەڵام من خۆم وەهای نابینم کە ئەگەر تورکیا گوتی و جێبەجێ بێت. بەو شێوەیە نییە، من خوێندنەوەم بەو شێوەیە نییە. بە پێچەوانەوە، تورکیا هەوڵیشی داوە و هەوڵیش دەدات چارەسەر ببن. ئەمە پرسێکی نێوخۆی سووریایە، ئەو حکوومەتەی ئێستا سووریا بەرێوەدەبات، ئەوان دەبێت بگەنە ئەو قەناعەتە کە دەبێت شێوازێکی راستبینانە و دروست بۆ ئایندەی سووریا پێشکێش بکەن.

پرسیار: ماوەیەک لەمەوبەر، لە کانوونی دووەمدا لە رۆژئاڤا بووم و گفتوگۆم لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی هەبوو؛ هێڵی سووری ئەوان ئەوەبوو کە هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک یەکەیەک تێکەڵی سوپای سووریا نەبن و ئاوا بمێننەوە. بە بڕوای جەنابت، تورکیا یان سووریا ئامادەن ئەو داخوازەی رۆژئاڤا قبووڵ بکەن؟

 نێچیرڤان بارزانی: بەخوا دەزانی چۆنە؟ من پێموایە واقیعی نییە، ئەوەی کە تاک نەفەرە بچنە نێو سوپای سووریا، ئەوە واقیعی نییە. ئێمە بە هەمانشێوە ساڵی ۲۰۰۳ هەمان کێشەمان لەگەڵ ئەمریکییەکان هەبوو. ئەمریکییەکان بە ئێمەیان دەگوت هەر دەبێ لەناو سوپای عێراق بن. ئێمە گوتمان ئەمە واقیعی نییە. دوای سێ رۆژ گفتوگۆ هاتنەسەر ئەوەی ناوێک بدۆزنەوە و گوتیان شەڕکەرانی چیا؛ ئەو ناوەیان دۆزییەوە. بە بیرم دێ ئەوکاتە پرسیاریان لە کاک مەسروور کرد کە ئەگەر ئەوە تەرجەمە بکەین دەبێتە چی؟ گوتی، وەڵڵا دەبێتە پێشمەرگە. سەبارەت بە ئەوانیش هەمان بابەتە، واقیعی نییە بگوترێت تاک تاکە وەرنە نێو سوپای سووریا؛ دەبێت رێگەیەکی دیکە بدۆزرێتەوە. ئێستا بۆ نموونە کەمپی هۆل گەورەترین مەترسییە و ئەوانەی کە زۆر تووندڕۆن و داعشن، لەوێن، ئەوە دەبێت بە گفتوگۆ لەگەڵ برایانمان لە هەسەدە ئەم بابەتە چارە بکرێ. ئێمە پێمان وایە هەندێک هەنگاو بە زووترین کات لەلایەن هەسەدەوە جێبەجێ بکرێ. ئەوان لە مانگی سێوە رێککەوتنێکیان واژۆکردووە و تاوەکو ئێستا هیچکام لە بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراون، چاوەڕێی چی دەکەن، نازانم.

پرسیار: کێ جێبەجێی نەکردووە؟

نێچیرڤان بارزانی: لەلایەن هەردوولاوە، بەڵام زیاتر قسەکان لەسەر هەسەدەیە کە جێبەجێی نەکردووە، ئەمە دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەری بکەن، چاوەڕوانکردن بەوەی بزانن چی دەگوزەرێ و چ دەکەن، ئێمە دەبینین دۆخی سووریا رۆژ بە رۆژ دەگۆڕێ. من پێموایە کورد نابێت ئەم دەرفەتە لەدەستبدات، دەبێت بە گفتوگۆ بە زووترین کات ئەو کێشانە چارەسەر بن. ئێمەش وەکو هەرێمی کوردستان پاڵپشت دەبین.

پرسیار: ساڵی ۲۰۲۴ ئێران پەلامارێکی مووشەکی کردە باشووری کوردستان کە گوتی لە پێگەی دەزگای سیخوڕی مۆسادی داوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی تۆمەتبارکرد بەوەی لەگەڵ ئیسرائیل دژی ئێران کار دەکات، بەڵام ۵ مانگ دوای ئەوە جەنابت رۆیشتی بۆ تاران و لەوێ فەرشی سووریان بۆت راخست. لە دوو رۆژدا لەگەڵ رێبەری ئێران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنت کرد. چی گۆڕا لە ماوەی ۵ مانگدا کە ئێوە تۆمەتبار بوون بەوەی لەگەڵ ئیسرائیل دژی ئێران شەڕ دەکەن، کەچی ئاوا پێشوازییان لێتان کرد؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەمە هەندێک روونکردنەوەی پێویستە. یەکەم شت، وەک بنەما ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە. سیاسەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئێران بەردەوام ئەوە بووە کە دەیەوێ پەیوەندییەکی خۆش و بێ کێشەی هەبێ. ئێستا ئەگەر بەس لە رووی ئابوورییەوە حیساب بکەی، لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران ساڵانە نزیکەی ۱۱ بۆ ۱۲ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەیە و زۆرترینی لە هەرێمی کوردستانەوەیە. سیاسەتی هەرێمی کوردستان قەت ئەوە نەبووە یارمەتی هیچ لایەنێک بدات دژی ئێران، کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشتر یارمەتی ئێمەی داوە و بە سوپاسەوە دەڕوانینە هەموو ئەو یارمەتییانە. لە سەرەتاوە باسم لەوە کرد ئێمە دەمانەوێ فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بین لە ناوچەکەدا، پێشتریش بەو جۆرە بووە و ئێستاش بەو جۆرەیە و داهاتووش  (بەو جۆرەیە)، پێموایە هەندێک هەڵە تێگەیشتن لەنێوان ئێمە و ئێراندا هەبوو، بەڵام ئەوەی ئایا ئێمە یارمەتی هیچ لایەنێکمان داوە دژی ئەوان؟ ئێمە قەت شتی وامان نەکردووە و ناشیکەین؛ ناشیکەین چوونکە بنەمایەک هەیە ئێمە پەیڕەوی دەکەین لە سیاسەتدا، ئەویش ئەوەیە دەمانەوێ فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بین. ئەو هەڵە تێگەیشتنانە من پێموایە بەو سەردانەی کردمان بۆ تاران و بەتایبەتی دوای بینینی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و بەرپرسانی دیکەی ئێران، تا رادەیەکی زۆر توانیمان بگەینە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەگەڵ ئێران و ئەوەش تاوەکوو ئێستا بەردەوامە.

پرسیار: من دەمەوێ ئەو پرسیارە دووپات بکەمەوە، ئایا سیاسەتی ئێوە گۆڕا یان ئەو تۆمەتانە ناڕەوا بوون؟

نێچیرڤان بارزانی: بەخوا سەدا سەد ئەو تۆمەتانە ناڕەوا بوون. هیچ بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نییە ببێتە بەشێک لە کێشە لەگەڵ هەر لایەنێک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران. بابەتەکە ئێمە نەبووین. ئێمە پێشتریش هەروا بووین؛ ئێمە هەمیشە گوتوومانە سوپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین بۆ هەموو ئەو یارمەتییانەی بە ئێمەیان داوە.

پرسیار: دەزانین کێشەی کورد لە سووریا، لە تورکیا، لێرە و تەنانەت لە ئێرانیش (هەیە). سێ ساڵ لەمەوپێش ئەو هەموو خۆپێشاندانە هەبوون. بابەتی کوردستان زۆر گرنگە. بەڕای تۆ ئەم کێشەیە لە باکووری کوردستان و رۆژئاڤا چارەسەر بێت، چ کاریگەرییەکی لەسەر ناوچەکە دەبێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ناوچەکە لە سیاسەتی نکۆڵیکردن لەم هەموو ساڵانەدا چەند قازانجی کردووە؟ ئەو سیاسەتەی کە نکۆڵی لە کورد دەکرێ، سەرکەوتوو نەبووە. ئەوە چەسپاوە کە سیاسەتی نکۆڵی کردن سەرکەوتوو نەبووە. ئێمە پێمان وایە ئەم کێشانە، ئەو ناوچانەی کوردی لێیە پێویستە بە رەچاوکردنی دۆخی کورد لە هەر وڵاتێک کە لێی دەژین، پێویستە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن. جەنابت ئاماژەت پێدا، واقیعێک هەیە لە ئێران، شتێک هەیە بەناوی پرسی کورد، لە تورکیا هەیە، لە سووریاش هەیە، ئەمانە دەبێت چارەسەر بکرێن. سیاسەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئێمە نایەین هیچ مۆدێلێک پێشکێش بکەین و بڵێین بەم مۆدێلە دەبێت چارەسەر وەربگرین. ئێمە پێمان وایە چارەسەرەکە دەبێت بەپێی رەچاوکردنی پێگە و پرسی کورد بێت لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەی کورد تێیدا دەژین، بەڵام ئەوە سەلماوە کە سیاسەتی نکۆڵیکردن سەرکەوتوو نابێت. ئێستا جەنابت دەڵێی ئەگەر ئەمانە چارەسەر ببن چی دەبێ؟ من پێموایە ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، ئاسۆیەکی دیکە لە ناوچەکە دروست دەبێت؛ ئاسۆیەک کە لە رووی سیاسییەوە و لە رووی ئابوورییەوە، لە بەرژەوەندی هەموواندا دەبێت.

News ID 226476

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha