١٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٢٠:١٠
ئایندە بۆ بەرەی بایکۆتە/ ئەمیر مام والی

هەڵبژاردنی پاک و خاوێن ئەو دەستە واژەیەی کە چی دیکە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان باوەڕی پێناکەن و تاقی ناکەنەوە، لە وڵاتانی ئازاد و پێشکەوتوو کە سوپا و هێزەکان بەدەست دەوڵەتەوەیە هەڵبژاردن ئامرازێکی گونجاوە بۆ گۆڕانکاری بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا کە هێزی چەکدار و هەتا فەرمانبەرانیش سەربەخۆنین و لەدەستی حیزبدان و کۆمسیارانی کۆمیسیۆنیش ئەندامی حیزبەکانی دەسەڵاتن، دەکرێت بڵێین کە هەڵبژاردن وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری ئیتر جێگەی باوەڕ نیە، دەرخەری ئەم ڕاستیەش کەمی بەشداری هاوڵاتیانبو لە هەڵبژاردندا، دروستە کە دەڵێن ڕێژەی بەشداری لە سەدا ٥٦ بوە بەڵام هاوڵاتیان دەزانن کە ناقس ٣٠ دەرەجە لەو ڕێژەیەش بەشداریان کردووە (ئەوەش لە ژێر هەڕەشەی نان بڕین و فشاری جۆر بە جۆردا).

لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی بایکۆت و دەنگی پووچەڵ کە دەکاتە (۲،۰۷۵،۷۰۸) دوو ملیۆن حەفتا و پێنج هەزار حەوت سەد و هەشت دەنگ، ئەم ژمارەیە زەنگێکی خەتەرە بۆ ئەو هێزە ئەقلیمیانەی کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیان کردوە بۆ دووژمنی خۆیان لە پێناو چەند حیزبێکی کارتۆنی و پلاستیکیدا کە لای گەل بەتەوایی بێزراون.
بەرەی بایکۆت و سووتاندنی دەنگەکان تاکە بەرەیە کە بەرەی ڕاستەقینەی هاوڵاتیانی هەرێمەو تاکە بەرەیە کە هیچ دەستێکی ناشەرعی لە پشتەوە نییە و تەنیا خوای گەورەی لە پشتە.!
لە کۆتایدا ئەوەمان بیر نەچێت کە تەنیا دەنگی پووچەڵ کە ٢٨٨ هەزارە بەشی زیاد لە دوانزە كورسیییە، کە ئەگەر دەنگی بایکۆتی بخەینە سەر کۆی کورسییەکان قەپات دەکات و بەدەستی دەهێنێت.
دەنگی پووچەڵ کە بەڕێژەی نزیكەی (۳۰%) زیادی كردووە بەجۆرێک ساڵی ۲۰۲۴ دەنگی پوچەڵ ٢٠٦ هەزار بو بەڵام دوای ساڵێک و لەم هەڵبژاردنەدا گەشتۆتە ٢٨٨ هەزار دەنگ و ڕیزبەندی سێیەمی گرتوە لە دوای دەنگی پارتی و یەکێتی( کە دەنگی ئەمانیش دیارە واقیعی نیە و لەکوێوە سەرچاوەی گرتوە)!
بەم جۆرە دەتوانین بڵێین کە ئایندەی هەرێمی کوردستان نە بۆ پارتی و یەکێتیە و نە بۆ ئۆپۆزسیۆنی کارتۆنیە کە شەرعیەت دەدەن بە هەڵبژاردنی پڕ لە گومان و بایکۆتکراو، بەڵکو ئایندەی هەرێم لە دەستی کەسانێکدایە کە بڕوایان بەم یارییە ناشیرینە نیە کە ناونراوە هەڵبژاردنی پاک و خاوێن.

News ID 226441

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha