بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەبدوڵا ئۆجەلان، لە زیندانی ئیمرالییەوە پەیامێک بۆ ڕێپێوانی كۆڵن دەنێرێت و دەڵێت: ڕێپێوانی كۆڵن تەنیا بۆ ئازادی من نییە، بەڵکوو بۆ چارەسەری پرسی کوردە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەشڵێت: چووینەتە قۆناغی یاساییەوە و خەباتێکی گەورە ئەنجام دەدەین، ئازادی من لە ئازادی گەلی کورد جیا ناكرێتەوە.

ئۆجەلان دەشڵێت: "سەرباری ناوبڕ و پچڕانەکان، ئێمە لەساڵی ۱۹۹۳ـەوە، هەوڵ بۆ ئاشتی و چارەسەر دەدەین، سەرەڕای هەمو هەوڵەکانمان، هەردەم هیوا لەنیوەی ڕێدا جێهێڵراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە هەنگاوەکەمان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕۆحی بەبەردا دێتەوە و دەبوژێتەوە".
ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان لە پەیامەكەیدا ئەوەشی خستەڕوو: "بۆ ئەوەی کورد لەسوریاو لەهەموو شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ سازشکردن لەسەر بون و ئازادیی، لەگەڵ هەمو ئایین و گەلاندا بە شێوەیەکی یەکسان، ئازاد و ئاشتییانە بژین، دەبێت پێشەنگایەتی بکەن".

شایانی باسە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەڕێوەچوو.
Your Comment