بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمهرانی کردەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "لە ڕووی بازرگانییەوە بۆ ئێمە گرنگە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین".
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە هەڵکەوتەی جوگرافیای شارەدێ و دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دا و گوتی: "ئێرە شوێنێکی گرنگە، چونکە دەروازەیەکیشە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە پێویستە بۆ ئێمە گرنگی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانکاریش بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان بکەین".
مەسروور بارزانی دوای کردنەوەی رێگەی دووسایدی حاجی ئۆمەران رایگەیاند: "زۆر خۆشحاڵم سەردانی حاجی ئۆمەران دەکەم کە سەردەمێک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو، شوێنەواری بارزانی نەمرە. شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە کە ئێمە ئێستا بەرهەمی دەستی ئەوان دەبینین و لە سایەی زەحمەتی ئەوان ئێستا کوردستانێکی ئازادمان هەیە".
مەسروور بارزانی وتیشی: "جێی دڵخۆشییە کە لێرەین بۆ کردنەوەی بەشێک لەو رێگەیە کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە و رێکوپێک دروستکراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان. بێگومان خەڵکی ئەم دەڤەرە شایەنی خزمەتی زۆر لەوە زیاترن، ئەوەی لە دەستی حکوومەت بێت بەپێی توانا لە خزمەتتان دەبین و پەرە بە گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەکەمان دەدەین".
شایانی باسە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کە هەردوو پارێزگای هەولێری هەرێمی کوردستان و پارێزگای ورمێی لە ئێران بەیەکەوە دەبەستێتیەوە، دەروازەیەکی بەردەوام پڕجووڵەی نێوان هەردوو پارێزگایە، کە لە ڕووی هاتوچۆی گەشتیارییەوە ۲۴ کاتژمێرەیە و لە لایەنی بازرگانیشەوە ڕۆژانە لە کاتژمێری هەشتی بەیانییەوە تاوەکوو حەوتی ئێوارە جموجووڵی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەکرێت.
Your Comment