بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عیراق لە دەڤەری راپەڕین رایگەیاند: "خەڵکی ئەم دەڤەرە پرسیارێکمان زۆر لێدەکەن ئەویش ئەوەیە کە دەنگیان بە ئێمەدا و تائێستا حکوومەتمان نییە، من پێتان دەڵێم ئێمە بە قسەی ئێوەمان کردووە بۆیە حکوومەت پێکنەهاتووە، ئێوە بەئێمەتان وت مەهێڵن حکوومەتێک پێکبێت کە خزمەتی خەڵک نەکات ئێمەش بەقسەمان کردن، بەئێمەتان وت مەچنە حکوومەتێکەوە کە لاوازبن تێیدا بەقسەمان کردن، بەئێمەتان وت با حکوومەتێک پێکنەیەت کەبەیەک چاو سەیری هەموو هاوڵاتییان نەکات بەقسەمان کردن، ئێمە هەرگیز ناهێڵین حکوومەتێک پێکبێت کە خزمەتی هەموو خەڵک نەکات و پارە لە دەمی ئێوە دەربهێنیت بۆ گیرفانی خۆی و دروستکردنی میلیشیا بۆ دز و و گەندەڵ و ڕێوی کلک بڕاو".
ناوبراو وتیشی: ''دەمەوێت باسی ئاشتیتان بۆ بکەم کە بۆیەکەم جار سەرۆک مام جەلال بە دیموراسی و ئەقڵیەتی حەکیمانەی خۆی ئاشتی لەنێوان کورد و تورک هێنایە ئاراوە، نەک بەقسەی بەتاڵ، ئێستاش پڕۆسەیەکی دیکەی ئاشتی بەهەمان سیاسەتی مام جەلال لەنێوان کورد و تورک بەڕێوەدەچێت و ئەمە تەنها سەرەتایەکە و هەرگیز خاکی خۆمان تەسلیمی داگیرکەر ناکەین، ئەمەش بە سیاسەت و دیبلۆماسیەت و ئەقڵە نەک بە قسەی بەتاڵ".
سەرۆکی یەکێتی ڕاشیگەیاند: "ئایا کێشەی سەرەکی خەڵک چیە ئەمڕۆ؟ بێگومان مووچە و کار و کەسابەتی خەڵکە، کێ دەتوانێت ئەمە چاک بکاتەوە؟ تەنها یەکێتیی نیشتمانییی کوردستانە نەک ئەوانەی بەس لەسۆشیال میدیا قسە دەکەن و تێکیان داو و منداڵەکانی خۆشیان گوێیان بۆ ناگرن، هەروەها ئەم چاککردنەوەیەش تەنها لە هەولێرەوە ناکرێت پێویستە یەکێتی بە هێزی گەورە و نوێنەری زۆرەوە بنێرنە بەغداد، جاری پێشوو ئێمە بە ١٨ کورسییەوە زۆر زیاتر لەو حزبە خزمەتمان کرد کە زیاتر لە ٣٠ کورسی هەبوو، ئەوان چیان بۆ خەڵک و کەرکوک و گوزەرانی خەڵک کرد؟ تەنانەت یەک مووچەشیان پێچارەسەر نەکرا، بۆیە ئێمە حەزدەکەین شەڕ بۆ ئێوە بکەین و خزمەتتان بکەین بۆ ئەمەش پێویستمان بە دەنگی زیاتر و کورسی زیاترە".
Your Comment