بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی دەڵێت: رێژەیەکی گەورەی خەڵک ناڕازین لە شێوازی ئیدارەدان و حکومڕانی، ناڕازین لەبەر پەراوێزخران و نادادپەروەری، زۆرینەیەکی گەورەی ئەم خەڵکە ناڕازییە لە رابردوودا بنکەی جەماوەری یەکێتی بوون، هەندێکیان لە خەمساردی و بێبەرنامەیی و ناکۆکی ناوخۆیی ناو یەکێتی ناڕازی بوون و هیوابڕاو بوون لە یەکێتی و بەشدارییان لە هەڵبژاردندا نەدەکرد، هەندێکیشیان هیوایان لەسەر چەند هێزێکی ئۆپۆزسیۆن هەڵچنی و دەنگیان بەوان دەدا.
ناوبراو وتیشی: "لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی بازنەکانی هیران و باسرمە روونمکردەوە کە ئەم دابەشبوونەی خەڵکی ناڕازی تەنها لە بەرژەوەندیی پارتیدا بووە، چونکە پارتی نایەوێت هێزێکی گەورە لە بەرامبەر خۆیدا ببینێت و بیوەستێنێت و پێیبڵێت رێگە نادەم خەڵک لەبەر هەڵوێستیان پەراوێز بخرێن".
قوباد تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە: "ئەگەر پێشتر لە یەکێتی ناڕازی بوون، ئێستا یەکێتی هێزێکی تۆکمە و خاوەن بەرنامەیە، هێزێکە سازش لەسەر خواست و داواکاریی خەڵکی ناڕازی ناکات، لە خەڵکی ناڕازی دەپرسم ئایا باشتر نییە لە جیاتی دابەشبوون یان بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، بە دەنگی خۆیان ئەو حزبە بەهێزتر بکەن کە هێزی پێویستی هەیە لە کوردستان کۆتایی بە پەراوێزخستن بهێنێت و لە بەغداش کێشەکان چارەسەر بکات؟".
Your Comment