بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێوارەی رۆژی هەینی ٢٤ تشرینی یەکەم دۆخی شارۆچکەی پردێ تێکچوو، گرژییەکە کاتێک دروستبوو کە ژمارەیەك گەنجی توركمان بە ئاڵا و ئۆتۆمبێلەوە هەوڵیانداوە بچنە گەڕەكە كوردنشینەكانی ناحیەی پردێ و لافیتەی حزبە کوردیەکان و بەتایبەتی پارتیان لێکردۆتەوەو هاوڵاتیانی كوردیان ئیستیفزاز کردووە، پۆلیس هەوڵیانداوە رێگری لەدروستبونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان گەنجانی کورد و تورکمان بکەن، بەڵام کۆنترۆڵی دۆخەکەیان پێنەکراوە.
بۆ کۆنترۆڵ کردنی دۆخەکە سوپای عێراق دەستوەردانیان کرد و لە بەشێکی زۆری شەقامە سەرەکییەکانی ناحیەی پردێ بڵاوەیان پێکراوە.
دوای ڕووداوەکە محەمەد سەمعان ئاغا سەرۆکی بەرەی تورکمانی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە پەیوەندی بە سەرکردایەتی پارتییەوە دەکات.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە شەوی ٢٤ ی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە ئاماژە بەوە کراوە، سەرۆکی بەرەی تورکمانی چەند پەیوەندییەکی چڕی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی ئەنجام داوە و پەیوەندی بە فەرماندە ئەمنییەکانی کەرکوکەوە کردووە لە پێناو هێور کردنەوەی دۆخەکە.
سەرەتای مانگی تەموزی ٢٠٢٥ بەهۆی گۆڕینی سەرۆکی شارەوانی پردێ کە کەسێکی کورد بوو بە کەسێکی تر، تورکمانەکانی ئەو شارە خۆپیشاندانیان دەستپێکرد و چەند ڕۆژی خایاند و داوای چەند پۆستی سەرۆکی شارەوانی شارەکەیان دەکرد، لە کاتێکدا پۆستەکانی شارەدێی پردێ، لە کۆی ١٧ پۆست تورکمانەکان ١٢ پۆستیان پێدراوە.
هەر لەو دەمەدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە رێگای بەیانێکەوە پشتیگری خۆیان بۆ تورکمانەکانی دووپات کردەوە و شارەکەیان بە تورکمانی ناوزەد کرد و داوای پۆستی سەرۆکی شارەوانییان بۆ تورکمان کرد.
دوای چەند رۆژێک خۆپیشاندان و بارگژی لەلایەن پارێزگاری شاری کەرکووکەوە دۆخەکە بە کاتی کۆنترۆڵ کرا.
لەو دەمەدا لەلایەن رای گشتی خەڵکی کوردەوە وا لێکدرایەوە کە بارگژییەکە بە دەستی دەرەوە و بە دیاریکراوی تورکیا بووە.
Your Comment