بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قاسم عەرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ جەنەراڵ سەید عەبدوڵڕەحیم مووسەوی، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆ بووەوە و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە.
جەنەراڵ مووسەوی لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، جەختی لە قووڵایی برایەتی نێوان گەلانی ئێران و عێراق کردەوە و وتوویەتی: یەکێک لە نیگەرانییە گرنگەکان بۆ ئەمریکییەکان برایەتی و بەزەیی نێوان گەلانی ئێران و عێراقە، شتێک کە دوژمنان بە باشی لێی ئاگادارن.

سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران، جەختی لە پێویستی جێبەجێ کردنی تەواوی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق کردوەتەوە، لەگەڵ بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازی و سیاسی، بۆ ئاسایش لە ناوچەکەدا.
مووسەوی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر هێرشەکانی ئەم دواییەی قەوارەی زایۆنی و ئەمریکا دژی ئێران ڕووی نەدابایە، مەبەستی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئاسمانی عێراق بۆ هەموو لایەک دەرنەدەکەوت.
لایخۆیەوە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق جەختی لە پابەندبوونی عێراق و هەرێمی کوردستان بە جێبەجێ کردنی بڕگەکانی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کردووەتەوە.
هەروەها وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خواستی هەرێمی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات. لەوانەش "چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی دژە شۆڕش لە باکووری عێراق".
ڕێبەر ئەحمەد لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا ڕاشیگەیاندووە: "خاکی هەرێم نابێتە سەرچاوەی هیچ کردەوەیەک لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران".
Your Comment