بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ڕایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق بە تەواوی پابەندە بەو ڕێککەوتنە ئەمنییەی کە لە نێوان ئێران و عێراق ئەنجام دراوە.
ئەعرەجی ئاشکراشی کرد، ۱۱ ملیۆن دۆلاریان بۆ دامەزراندنی هەشت کەمپ بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە عێراق تەرخان کردووه و کاری مەیدانی بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ڕێککەوتنە لە بەرنامەی کاردایە.
بە وتەی ئەعرەجی بەئامادەبوونی، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیان لەسەر ئەم بابەتە کردووەتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا عێراق توانای پاراستنی ئاسمانی خۆی لە وڵاتانی هێرشبەر هەیە، ئاماژەی بەوەدا کە عێراق چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە، ڕێگە نادات ئاسمانی وڵاتەکەی دژ بە ئێران بەکاربهێنرێت، هەروەها ڕێگە بە هیچ لایەن و گرووپێک نادات لە ڕێگەی عێراقەوە هەڕەشە لە ئاسایشی ئێران بکەن.
دەشڵێت، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ڕایگەیاندووە ئاسایشی ئێران بەشێکە لە ئاسایشی عێراق، و ئەوەش لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکی ناوچەکە نییە کە شەڕێکی دیکە هەڵبگیرسێت.
ئەو بەرپرسە باڵا ئەمنییەی عێراق وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە سزاکان دایەوە و دەڵێت: گەلی عێراق بەدەست کاریگەرییەکانی سزاکانەوە دەناڵێنن و بە هەستیارییەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەن، عێراق بە شێوەیەکی سروشتی دژایەتی بەکارهێنانی سزاکان دەکات و جەخت لەسەر دیالۆگ و دیپلۆماسی دەکاتەوە.
ئەعرەجی لە بەشێکی لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانی خۆیدا باسی لە پرسی وزەی ئەتۆمی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی ئاشتیانەی ئەم وزەیە مافێکی ڕەوایە بۆ هەموو وڵاتێکی جیهان.
هەروەها ناوبراو خوازیاری چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان بە پرسی ئەتۆمی ئێرانیشەوە بوو، لە ڕێگەی وتووێژەوە نەک بە هێز.
Your Comment