بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە ناوچەی تارمییە لە باکووری بەغدا، لە رێگەی بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیدا، سەفا مەشهەدانی کاندیدی هاوپەیمانی سیادە لە سنووری پارێزگای بەغدا و چەند پاسەوانێکی کوژران.
مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی دووشەممە لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند: لایەنە ئەمنییەکان تۆمەتبارانی کوشتنی سەفا مەشهەدانی کاندیدی هاوپەیمانی سیادەیان دەستگیر کردووە و ئێستا وتەکانیان وەردەگیرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەفەرمی دانپێدانەکانیان بڵاو بکرێتەوە.
هەر دوای رووداوەکە، فەرماندەیی ئۆپەڕاسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاندبوو کە بە فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنراوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دەستگیر بکرێن.
شەوی رابردووش سەرچاوە ئەمنییەکانی بەغدا ئاشکرایان کرد کە لێکۆڵینەوەکان لە کەیسی کوشتنی سەفا مەشهەدانی گەیشتوونەتە کۆتایی و لە ڕۆژانی داهاتوو ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە.
Your Comment