بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی" Ülke TV" توركیا ڕایگەیاند: گەورەترین مەترسی ئێمە بەردەواميی فراوانخوازیی ئیسرائیلە لە سووریا و لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ئەمریکییەکان چووینە گفتوگۆوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ناچار بکەین دەستبەرداری ئەو سیاسەتە مەترسیدارە بێت کە دەیەوێت وڵاتانی دراوسێ بە لاوازی و دابەشبوویی بهێڵێتەوە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: دۆخی ئەمنیی سووریا پرسی سەرەکی ئێمەیە و لە ئێستادا خەمی سەرەکیمانە، هەموو شتێک کە لەوێ ڕوودەدات ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر یەکپارچەیی خاکەکەمان و ئاسایشی هاووڵاتییانمان هەیە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی: ڕێککەوتنی ۱۰ی ئازاری نێوان هێزەکانی سووریای دیموكرات و حکوومەتی سووریا، کشانەوەی دەستبەجێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچە عەرەبیەكان لەخۆدەگرێت، ئەمە لە پێشینەی کارەکانمانە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: ئەگەر هەیە چاوەڕوانی سەرهەڵدانی ململانێی زۆر مەترسیدار بکەین ئەگەر یەپەگە لە ناوچە عەرەبییەکان نەکشێتەوە.
هاکان فیدان ئاشکراشی کرد: چاوەڕێین و دەبینین هەندێک گفتوگۆ بەردەوامە، بەڵام هێشتا تەواو نەبوون، پرسی تێکەڵکردنی چەکدارەکانیان لە سوپای سووریا لە گفتوگۆدایە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: لەبارەی پرسی گواستنەوەی دەیرەزوریش بۆ حکوومەتی سووریا تا ئێستا رێککەوتن نەكراوە.
هاکان فیدان ڕاشیگەیاند: دەبینین یەپەگە هەڵوێستێكی توندڕەوانە پیادە دەكات، ئەمە لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، دەشڵێت: ئەگەر رێککەوتنەکە شکستی هێنا، ئێمە لەم بابەتەدا هاوکاری راستەوخۆ لەگەڵ سووریادا دەکەین.
هاکان فیدان ئاشکراشی کرد: پلانی ئەوە لە ئارادایە کە بەم نزیکانە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدرێت لە نێوان تورکیا و ئەمریکا و سووریا.
ئێمە چەندین جار رامانگەیاندووە، ئەوەی لە سووریا روودەدات بابەتی ئاسایشی نیشتمانییە بۆ تورکیا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕاشیگەیاند: یەپەگە هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ دەستبەرداربوون لەو ئەندامانەی مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا دروست دەکەن، لە نموونەی چەکدارانی پەکەکە کە لە تورکیا، عێراق، یان ئێرانەوە هاتوون.
ناوبراو دەشڵێت: هەسەدە هیچ گەرەنتییەکیان نەداوە بۆ نەهێشتنی تونێل، سیستەمی مووشەکی، یان ئەو ئەندامانەی تورکیا دەکەنە ئامانج.
Your Comment