بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بارەگای بارزانی، لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرکۆنەی تیرۆرکردنی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و کاندیدی هاوپەیمانیی سیادە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کرد.
بارەگای بارزانی، وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادە، کەسوکاری سەفا مەشهەدانی، هاوپەیمانێتیی سیادە و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە، ئاماژەی بەوە دا، کردەوەی لەم جۆرە، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتەوایی و سەقامگیریی کۆمەڵگە.
بارەگاکە جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ئەنجامدەرانی ئەم کردەوەیە ئاشکرا بکرێن و ڕادەستی یاسا بکرێن.
سەفا مەشهەدانی، کاندیدی هاوپەیمانی سیادەی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، بەیانی دوێنێ چوارشەممە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لە دەستدا.
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەی ڤیدیۆیی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی سەفا بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەرکەوتووە ئۆتۆمبێلەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی ناوچەی تارمییە ئاگری گرتووە.
هاوپەیمانیی سیادە یەکێکە لەو پارتە سەرەکیانەی سوننە کە بەشدارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەم پارتە لەلایەن خەمیس خەنجەرەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت.
Your Comment