لەگەڵ دەسەڵاتی ڕاگوزه‌ری سووریا گەیشتینە ڕێککەوتنی سەرەتایی بۆ تێکەڵ کردنی هێزەکان

فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات ڕایگه‌یاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا گەیشتووەتە "ڕێککەوتنی سەرەتایی" سەبارەت بە میکانیزمی تێکەڵ کردنی هەسەدە لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس، باسی له‌وه‌كردووه‌: لەگەڵ دەسەڵاتی ڕاگوزه‌ری سووریا گەیشتوەتە "ڕێککەوتنی سەرەتایی" سەبارەت بە میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکانی لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، لە ئێستادا گفتوگۆ لە نێوان هەردوو لایەن لە دیمەشق بەڕێوەدەچێت.

مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شه‌رع لە ۱۰ی (ئازا/۳)ی ئه‌مساڵدا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، کە چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەری کوردی بو بە دامەزراوە نیشتمانییەکان تا کۆتایی ئەمساڵ، بەڵام جیاوازی ڕوانگەی نێوان هەردوولا ڕێگر بوو لە پێشکەوتن لە جێبەجێکردنیدا.

پێشتر عەبدی له‌ وتارێكدا باسی له‌وه‌كردبوو، فەرماندەییەکەی بڕیاری داوە شاندێک ڕەوانەی دیمەشق بکات بۆ پێشخستنی هەنگاوە کردارییەکانی یەکخستنی هێزی ئاسمانی سووریای دیموكرات لەگەڵ سوپای نیشتمانی داهاتووی سووریا، "لە ڕۆژانی داهاتوودا شاندەکەمان سەردانی دیمەشق دەکات و لەگەڵ وەزارەتی بەرگری کۆدەبێتەوە و دەست بە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی هه‌سه‌ده‌ له‌گه‌ڵ سوپای سووریا دەکات".

مەزڵووم كۆبانێ باسی له‌وه‌ش كردووه‌، "پێمان وایە ئەو ئەزموونەی کە هێزی سووریای دیموکرات لە خەباتی دژی داعش بەدەستی هێناوە، ئەو مەشق و ڕاهێنانانەی کە لە ماوەی ۱۰ ساڵی ڕابردوودا کەڵەکەبوون و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی دژە تیرۆری نێودەوڵەتی هەموویان یارمەتیدەر دەبن بۆ بەهێزتر و بەتواناکردنی سوپای نوێی سووریا".

News ID 226262

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha