بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم کۆبانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی تەلەفزیۆنییدا لەگەڵ ڕۆناهی TV، لەبارەی بارودۆخی سیاسی و سەربازی و کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی لەگەڵ شاندەکانی ئەمریکا و دیمەشق و دۆخی کۆچبەران و بەشداری هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە سوپای سووریادا هەڵسەنگاندنی گرنگی کرد کە لەدرێژەدا دەقی چاوپێکەوتنەکە دەخوێننەوە.
شاندێکی باڵای ئەمریکیی بە سەرۆکایەتیی نێردراوی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا تۆماس باراک لەگەڵ ئێوە کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی چی کرا؟
مەزڵووم عەبدی: سەردانەکەی بەڕێز تۆماس باراک و فەرماندەی گشتی (سەنتکۆم) سەردانێکی زۆر گرنگ بوو، پشتیوانی خۆیان بۆ هاوکاری لەگەڵ قەسەد و شەڕ لە دژی داعش و دیالۆگی نێوان ئێمە و دیمەشق دووپات کردەوە. بارودۆخی سووریا و هەڵگرتنی سزاکان و جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتننامەی ١٠ـی ئازار تاوتوێ کران، هەروەها کۆبوونەوەکانمان بەمدواییە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق هەتا ئاستێک وەستابوون، گفتوگۆمان کرد لەسەر ڕێگاکانی بەهێزکردن و خێراکردنی پەیوەندییەکانمان و بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکان، هەروەها چۆنییەتی پەیوەندی هاوبەشمان لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا بۆ شەڕ لە دژی تیرۆر، ئەو کۆبوونەوەیە گرنگ و ئامانجداربوو، هاوکات بوو بە بنەمایەک بۆ کۆبوونەوەی ڕۆژی دواترمان لەگەڵ دەسەڵاتادارنی دیمەشق.
لە دیمەشق کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا و شاندێکی فەرمی لای ئێوەوە چوون بۆ دیدار لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق لەو کۆبوونەوەیەدا باسی چی کرا؟
مەزڵووم عەبدی: دەتوانین بڵێین زنجیرە کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا، لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی نوێ ئەحمەد شەرع و شەیبانی وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووینەوە، تێیدا قۆناغی شەش مانگی ڕاردوومان نرخاند، بۆچی هەتا ئێستا ڕێککەوتنەکەمان بەرەوپێشەوە نەچووە، وەکوتر بۆ لەمەودوا چۆن بتوانین قۆناغی دیالۆگ و دانوستان بەرەوپێشەوە ببەین، بەشێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لەگەڵ یەکتر دواین، لەبەر ئەمەش ئەنجامگیر بوو، لەسەر زۆر پرسی بنچینەیی و ڕیشەیی هاوپەیمانیمان کرد، کە لە ئێستادا شاندەکانی ئێمە لەگەڵ ئەواندا بەرجەستەی دەکەن.
ئێوە باسی هەندێک هاوپەیمانیتان کرد، ئێوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق تائێستا لەسەر کام خاڵ و پرسانە ڕێککەوتوون، گەیشتوونەتە چ دەرئەنجامێک؟ بەتایبەتی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار.
مەزڵووم عەبدی: یەکێک لە هەنگاوە هەرە ئەرێنی و گرنگەکانی ئێمە لە کۆبوونەوەکاندا، لەگەڵ وەزیری بەرگریی و بەرپرسی هەواڵگریی بوو، پێکەوە گەیشتینە بڕیارێک کە ئاگربەستێکی گشتیی لە هەموو سەنگەرەکان ڕاگەیاندرا، ئاگربەستیش یەکێک لە خاڵە بنچینەییەکانی ڕێککەوتنامەی ١٠ـی ئازارە، بەڵام بەداخەوە بەمدواییانە لەم بوارەوە زۆر زیادەڕەویی کران، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە هێزی دەرەکیی دەستوەردا لە پرسە ناوخۆییەکانمان بکەن، ئەوەی کە گرنگە ئێمە بتوانین ئەم کۆبوونەوانە لە ئاستی باڵادا درێژە پێ بدەین، دەربارەی دەستوور و سوپا و پرسە ئەمنییەکانیش مشتومڕمان کرد، ئەگەرچی لە هەندێک لە خاڵەکانیشدا ڕێککەوتنی تەواوەتیمان نەکردبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە لەیەکتر تێگەیشتووین، لە هەندێک خاڵ و پرسیشدا ڕێککەوتنی مەبدەئیمان کرد، لەسەر ئەم بنەمایەش دەتوانین درێژە بە دانوستانەکانمان بدەین.
لە چوارچێوەی ئەم دیالۆگ و دانوستانانەی ئێوەدا، هەنگاوە کردارییەکانی بەردەمتان چی دەبێت؟
مەزڵووم عەبدی: ئێمە پێشتریش ئاماژەمان بەوە داوە، کە سووریایەکی ناناوەندیمان دەوێت، ئەم بابەتەشمان تاوتوێ کرد، ڕەنگە لە هەندێک بابەت و دەستەواژەدا وەکوو یەکتر بیر نەکەینەوە، بەڵام ئیرادەیەک هەیە، کە لەسەر ناوەڕۆکی ئەم پرسە هاوپەیمانییەک بکەین، لەسەر پرسی ناناوەندیبوون لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە، بۆ ئەمەش شاندێکی خۆبەڕێوەبەریی لە شارەکانی سووریا بگەڕێن و دیدگاکان بۆ سیستەمێکی نوێ گەڵاڵە بکەن و بۆچوونی خۆشیان بخەنەڕوو، دەربارەی ناناوەندیبوون و خۆبەڕێوەبەریی هەرێمیی، دەربارەی دانانی دەستووری سووریا، خەباتێکی هاوبەش بەڕێوە دەبەین، ئێمە دەمانەوێت ئەو دەستوورەی دانراوە بگۆڕدرێت، هەندێک خاڵ کە لە ڕێککەوتننامەی ١٠ـی ئازاردا هاتووە و لەناو ئەو دەستوورەدا بوونی نییە، دەبێت زیاد بکرێت، لەم بارەیەوە دەسەڵاتدارانی دیمەشق هەڵوێستێکی ئەرێنییان هەبوو، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە هەنگاوێک ڕۆشتینە پێشەوە.
ئێوەش بەشداری لە گۆڕینی دەستووردا دەکەن؟
مەزڵووم عەبدی: زۆر هەنگاوی گرنگ هەیە کەدەبێت بیانێین، پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشقدا درووست کردووە، پێویستە هەندێک هەنگاو بنێن، لایەنی سەربازیی بۆ ئەوان زۆر گرنگە، دەیانەوێت قەسەدە تێکەڵی سووپای سووریا ببێت، ئەم بابەتە وەک یەکپارچەیی خاکی سووریا پێناسە دەکەن، ئێمەش لەمبارەیەوە لارایمان نییە، بەڵام دەبێت لەسەر بنەمای سووریایەکی ناناوەندیی بێت، هیوامان زۆرە کە لە ئاییندەدا دەربارەی گۆڕینی دەستوور، پێشکەوتن درووست ببێت.
ئەنتیگراسیۆنی قەسەدە لەناو سوپای سووریادا و پێشنیارەکانی ئێوە بۆ سوپا چییە؟ قەسەدە چۆن ئاوێتەی سوپا دەبێت؟
مەزڵووم عەبدی: یەکێک لەو پرسانەی کە لە ڕێککەوتننامەی ١٠ـی ئازاردا زۆر مشتومڕمان لەسەر کرد ئەم پرسە بوو، ئێمە ئەوکات دەربارەی ئاوێتەبوونی قەسەدە لەناو سوپای سووریادا ڕێککەوتنمان کردبوو، جارێکیتریش لەسەر ئەو ڕێککەوتنە جەختمان کردەوە، لەم بارەیەشەوە ئەحمەد شەرع و بەگشتیی هەڵوێستی ئەوان ڕوون بوو، ئێمە لەسەر تێکەڵبوون ڕێککەوتنمان کرد، بەڵام بێگوومان شاندەکان لەسەر ئەم پرسە کۆبوونەوە بکەن و وردەکارییەکەی هەڵبسەنگێنن، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەو هەوڵەی کە داومانە بەهەدەر نەچێت، پێویستە جێگەیەکی شایستە لەناو سوپادا بگرین، سوپای سووریا بەهێز بکەین و ترسی گەلەکەمان بڕەوێنینەوە، هەموو لایەک دەیانەوێت سوود لەم ئەزموونە وەربگرن، وەزیری بەرگریش دانی بەوەدا نا کە پێویستیان بە ئەزموونی قەسەدە هەیە، لەم ڕوانگەیەوە ڕێککەوتنمان کرد، بێگومان لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندی سەربازیمان لەگەڵ وەزیری بەرگریی گفتوگۆ بکەن.
پێگەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەناو ئەم ڕێککەوتنەدا چۆن دەبێت؟
مەزڵووم عەبدی: دەبێت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆش وەکوو قەسەدە بەشداری سوپای سووریا ببن، لەمبارەیەوە ئەزموونێکمان لە شێخ مەقسوود وەرگرت، بۆ ئەم پرسەش هەنگاوی کرداری دەستپێدەکات و شاندی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لەگەڵ قەسەدە دەچنە دیمەشق و لەسەر وردەکارییەکانی ئەم بابەتە گفتوگۆ دەکەن.
ئێوە باسی شەڕتان لە دژی داعش کرد، هەوڵدان هەیە بۆ ئەوەی دیمەشقیش بخرێتە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، لەئێستا بەدواوە شەڕ لە دژی داعش چۆن و بە چ میکانیزمێک بێت؟
مەزڵووم عەبدی: بەگوێرەی ئەوەی کە هاوپەیمانی نیودەوڵەتیی بەئێمەیان وت، ئێمەش بە فەرمی بە حکومەتی نوێی دیمەشقمان وت، کە پێویستە بەشداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش ببن، ئەوەندەی تێگەیشتین دیمەشق ئەرێنی لەمە دەڕوانێت، لە کۆبوونەوەی حەسەکەشدا چەند داواکرییەک لە ئێمە کرا و ئێمەش بە گونجاومان زانی، دەربارەی ئیدارەی زیندانەکانی داعش و کامپی هۆل و خێزانەکانی داعش، بە هاوکاری هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لە دژی داعش هەتا ئێستا لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەبرا، بەڵام لەمەودوا لەسەر ئاستی گشتیی سووریا تێکۆشانێکی هاوبەش بەڕێوەدەبەین.
یەکێک لە بڕگە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار، گەڕانەوەی کۆچبەرانە، سەدان هەزار کەس لە گەلی عەفرین و گرێسپی و سەرێکانی کۆچبەربوون و خەڵکیش چاوەڕێن ئەم گەڕانەوەیە، لە گفتوگۆکاندا گەیشتوونەتە چ قۆناغێک؟
مەزڵووم عەبدی: لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەدا باسی لێوەکرا، بەڵام هێشتا هەندێک کێشەی ئەمنیی هەیە، بەڵام کاتی گەڕانەوەی ڕێکخراو هاتووە، مەترسی لەسەر گەلەکەمان هەیە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا ڕێککەوتن کرا، کە لە ئێستادا گەڕانەوەکە ئەنجام بدرێت، لە ڕۆژانی داهاتوودا کار بۆ گەڕانەوەی گەلەکەمان بۆ عەفرین دەکەین، گەلی عەفرینیش دەبێت خۆیان بۆ ئەمە ئامادە بکەن، دۆخی گرێسپی و سەرێکانیش لە بەرنامەی کاردایە، دڵنیایان دەکەینەوە کە ئەوانیش دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب پێکدادان ڕوویدا و ڕێگاوبانەکان گیران، چۆن لەم بابەتەتان ڕوانیوە لەو کاتەدا کە لە دیمەشق بوون؟
مەزڵووم عەبدی: هەمووان دەزانن، کە هەردوو گەڕەک هەرگیز مەترسی بۆ سەر حەلەب دروست ناکەن، ئەو تۆمەتانەی لەمبارەیەوە خراونەتەڕوو، ڕاست نین، هەر بۆیە یەکێک لە خاڵە گرنگەکان پرسی ئاگربەست بوو، هەندێک هێز لە حەلەب کاری شەڕانگێزانە دەکەن، ڕاستە ئەوان تەنها لە حەلەبن، بەڵام کێشەی هەمووانە، باشترین چارەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی مانگی نیسانە بۆ شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، هەروەها پیرۆزبایی خۆڕاگری گەلەکەمان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەکەم، ئەوان نیشانی هەمووانیان دا، کە دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن.
لە کۆتا کۆبوونەوەتاندا داخۆ باسی مافی کورد کرا، کە ئەویش یەکێکە لە خاڵە گرنگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازار؟
مەزڵووم عەبدی: لەسەر پرسی کورد، بەرپرسانی دیمەشق دەڵێن ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵدا نییە، هەروەها لە ڕێککەوتنی ١٠ـی ئازاریشدا هەبوو، بەڵام تا ئێستا نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەی گرنگە پراکتیزەکردنە، دەستوور پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، پێویستە لەوێدا مافی کورد پێناسە بکرێت، پرسی زمان و پەروەردەش هەیە، بەڵام بەگشتی ڕێبازێکی ئەرێنی هەیە، هەروەها ئەم بابەتە پێویستە لە ڕێگەی شاندێکی کوردییەوە چارەسەر بکرێت، شاندەکە بچێتە دیمەشق و گفتوگۆ بکات، هەروەها ئامادەکاری بۆ دەکەین، ئێمە کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی بەم زووانە ئەنجام بدرێت.
ڕۆڵی تورکیا لە سووریا و بەتایبەت لەسەر دیدارەکانتان لەگەڵ دیمەشق چۆن دەبینن؟ دیدارتان لەگەڵ تورکیا هەیە یان نا؟
مەزڵووم عەبدی: لە دیدارەکانمان لەگەڵ دیمەشق باسی ئەم بابەتەمان کرد، سوورییەکان دەبێت خۆیان کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ڕاستە هەندێک دەوڵەت وەک ناوبژیوان خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام ئەو جۆرە دەستوەردانانە جێگەی قبووڵکردن نییە، تورکیا دەتوانێت ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت، نکۆڵی لە کاریگەرییەکانی لەسەر سووریا ناکرێت، هەروەها پێویستە بەرژەوەندییەکانیان لەبەرچاو بگیرێت، لە نێوان ئێمە و تورکیادا کەناڵی کراوە هەیە و هیوادارین لە داهاتوودا زیاتر پەرەی پێ بدەین
Your Comment