بەرەی کوردستانی سووریا: پشتگوێخستنی نەورۆز درێژەپێدەری سیاسەتی بەعسە

بەرەی کوردستانی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە بڕیاری ژمارە ۱۸۸ی ساڵی ۲۰۲۵ـی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا دەربڕی، کە جەژنی نەورۆزی وەک جەژنێکی نەتەوەیی کورد لە لیستی پشووە فەرمییەکاندا دەرهێناوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرەی کوردستانی سووریا لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت: ئەم بڕیارە "بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر بەردەوامیی هەمان ڕێبازە شۆڤێنییەکەی ڕژێمی بەعس کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد و نکۆڵی کردنی مێژوو و مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکانی داوە".

بەرەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بە فەرمی نەکردنی جەژنی نەورۆز و بەردەوامبوون لەسەر ناونانی ۲۱ی ئازار بە "جەژنی دایک"، درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی ڕژێمی پێشووە کە هەوڵیداوە لە ڕێگەی ئەم ناوەوە هێمای نەورۆز بسڕێتەوە و واتاکەی بە هێمایەکی دەستکرد بگۆڕێت.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، جەژنی دایک لە سووریا لە ۱۳ی ئایار بووە، لە کاتێکدا ۲۱ی ئازار جەژنی نەورۆزە، کە دەبێت وەک جەژنێکی نیشتمانی لە سەرتاسەری سووریادا دانی پێدا بنرێت.

لە هەمان چوارچێوەدا، ڕاگەیەنراوەکە جەخت لەسەر پێویستیی دانپێدانان بە جەژنی سەری ساڵی ئێزدی (چوارشەممەی سوور) دەکاتەوە وەک پشوویەکی فەرمی بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان. هەروەها داوا دەکات مافی پشوو وەرگرتنیان لەم ڕۆژەدا پێبدرێت، وەک ڕێزگرتنێک لە پیرۆزی و پێگەی ئایینی و ڕۆحیی ئەم بۆنەیە و لەسەر بنەمای یەکسانی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییە کولتووری و ئایینییەکانیان.

بەرەی کوردستانی سووریا پێی وایە، بەردەوامبوون لەسەر نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەیی و کولتووری و ئایینییەکانی کورد، دەیسەلمێنێت کە حکوومەتی کاتیی نوێ لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی پێشووی بەعس دەرنەچووە، بەڵکوو هەمان ڕێباز لە نکۆڵیکردنی بوونی کورد و پشتگوێخستنی ئازارە مێژووییەکانی پەیڕەو دەکات.

ڕاگەیەنراوەکە ئاماژە بە سەرژمێریی نائاسایی ساڵی ۱۹۶۲ دەکات کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد لە ڕەگەزنامەی سووری بێبەش کران، هەروەها سیاسەتەکانی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی کە ناوچەکانی کوردستانی سووریای کردە ئامانج و تا ئێستاش شوێنەوارەکانی ماونەتەوە.

لە کۆتاییدا، بەرەی کوردستانی سووریا هۆشداری دەدات کە پشتگوێخستنی هێما نەتەوەیی و ئایینییەکانی گەلی کورد، بەتایبەتی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی ئێزدی، خزمەت بە پرۆژەی سووریای نوێ ناکات کە هەمووان ئاواتی بۆ دەخوازن. دانپێدانان بەم بۆنانە بە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە دادەنرێت بۆ سەلماندنی نیازپاکیی وتارەکان دەربارەی سووریایەکی نوێ کە لەسەر بنەمای یەکسانی، ڕێزگرتنی دوولایەنە و دادپەروەریی مێژوویی بۆ هەموو پێکهاتەکانی نیشتمان بونیاد بنرێت.

News ID 226215

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha