بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بنکەکانی دەنگدان لە کاتژمێر ۹:۰۰ـی بەیانی کراونەتەوە و کاتژمێر ۱۲:۰۰ـی نیوەڕۆ دادەخرێن، بە ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەکە تا کاتژمێر ۴:۰۰ـی ئێوارە. دوای کۆتاییهاتنی دەنگدان، پرۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان دەستپێدەکات و بڕیارە ئەنجامە کۆتاییەکان ڕۆژانی دووشەممە یان سێشەممەی داهاتوو ڕابگەیەندرێن.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، سیستەمێکی تایبەت پەیڕەو کراوە تێیدا تەنیا ئەندامانی باوەڕپێکراوی 'دەستەکانی هەڵبژاردن' لە ناوچە جیاوازەکاندا مافی دەنگدانیان هەیە. بەرپرسان هۆکاریی ئەمە بۆ نەبوونی ئامارێکی دروستی دانیشتووان و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتی بەهۆی شەڕەوە دەگەڕێننەوە.
پەرلەمانی نوێ لە ۲۱۰ ئەندام پێکدێت و ماوەی کارکردنی دوو ساڵ و نیو دەبێت. بۆ ئەم هەڵبژاردنە، هەزار و ۵۷۸ پاڵێوراو کێبڕکێ دەکەن، کە ڕێژەی سەدا ۱۴یان ژنن.
بەهۆی هۆکاری ئەمنیی و سیاسییەوە، هەڵبژاردن لە هەندێک ناوچەی پارێزگاکانی ڕەقە و حەسەکە، تەواوی پارێزگای سوەیدا، و ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ژێر کۆنترۆڵی کورد دواخراوە. بەهۆی ئەمەوە، پێشبینی دەکرێت ۱۹ کورسی پەرلەمان بە بەتاڵی بمێننەوە.
سەرپەرشتیی تەواوی پرۆسەکە لەلایەن "لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەل"ـەوە دەکرێت.
Your Comment