ئۆجالان: کۆمیسیۆن بێت بۆ ئیمراڵی من دانوستانێکی دیموکراتیک دەست پێدەکەم

تولای حاتم ئۆغۆللاری هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (DEM)، لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند ئۆجەلان لە دیداری شاندی ئیمرالیدا ڕایگەیاندووە ئەگەر کۆمیسیۆن بێت بۆ ئیمراڵی من دانوستانێکی دیموکراتیک دەست پێدەکەم.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تولای حاتم ئۆغۆللاری دەڵێت: کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی توركیا بە مەبەستی ئەوەی کە پرسی کورد بهێنینە سەر زەمینەی سیاسی و یاسایی، دامەزرا. لەم کۆمیسیۆنەدا نەرێنیترین شت کە ڕووبەڕووی زۆرترین ڕەخنە ببێتەوەو بچێتە تۆماری مێژووییەوە، ئەوە بوو کە ڕێگە نەدرا دایکانی کورد، بە کوردی گوزارشت لە خۆیان بکەن. ئەمە شتێک نییە مایەی قبووڵکردن بێت. ئەگەر بەرگەی دایکێک نەگرن کە بە زمانی خۆی گوزراشت لە خۆی بکات، بە سروشتی خەڵک تێدەگات، "گەر ئاشتی بێتەدی، ئاشتییەکی چۆن دەبێت." ئەو پرسیارەمان زۆر لێ دەکرێت

ناوبراو وتیشی: یەکێک لە خاڵە هەرە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەیە دەستبەجێ دەستپێکردنی هەموارکردنەوەی یاسایی و دەستورییە. بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە. بەڕێز ئۆجالانیش وای دەبینێت و هەرخۆی لە دیدارەکەی دوێنێیدا لەگەڵ وەفدی (دەم پارتی) بەتایبەت تیشکی خستە سەر ئەمە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرووە، کە بێ‌ئەوەی کات بەفیڕۆ بدرێت، ئیتر ئەم پرۆسەیە لەسەر زەمینەیەکی سیاسی، بەهێزتر قسەی لەسەر بکرێت و کارەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسایی دەستبەجێ دەستیان پێ بکرێت. مەبەست ئەوەیە تەنها ئەوە بەس نییە کە کۆمیسیۆن گوێبگرێت، بەڵکو یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمیسیۆن کارە یاساییەکانە. لەبەرئەوە بەڕێز ئۆجالان لەم دیدارەدا تیشکی خستە سەر گرنگیی مێژوویی جێبەجێکردنی ئەم بەرپرسیارێتییە.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان ئاشکراشی دەکات: سەردانی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ دوورگەی ئیمرالی بابەتێکی دیکەیە کە دیسان کەوتووتە ڕۆژەڤەوە. بێگومان بەڕێز ئۆجالان دەڵێت ئەگەر کۆمیسیۆن بێت بۆ ئیمراڵی "من دانوستانێکی دیموکراتیک بەڕێوە دەبەم" هەروەها نەک تەنها لەگەڵ کۆمیسیۆن، بەڵکو دەیەوێت لەگەڵ زۆر کەسی دیکە کۆبوونەوە ئەنجام بدات و پرۆسەی دانوستانێکی دیموکراتیک دەستپێبکات.

تولای حاتم ئۆغۆللاری پێویستە بابەتی یاسایی بە جددیەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. هەروەها دەبێت دواخستن نەکرێت. بەڕێز ئۆجالان ئەم پرۆسەیە لە دۆخی دواخستن و درێژکردنەوەدا دەبینێت. بۆیە دەبێت ئەو دۆخە بەزووترین کات کۆتایی پێبێت. بەڕێز ئۆجالان هەموو ئەمانەی ڕاگەیاندووە و هەروەها بە تایبەت لەسەر ئەوەی کۆمیسیون ڕێگەی بە دایکان نەدا بە کوردی قسە بکەن، زۆر نیگەران و ناڕازییە. بەڕێزی ڕایگەیاند کە ڕێگریکردن لە وتاری دایکان بە زمانی کوردی لە کۆمیسیۆنێک کە بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە، جێگەی قبوڵکردن نییە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: کۆمیسیۆن دەبێت بە زووترین کات بچێتە ئیمراڵی. نزیکایەتی ئێمە زۆر ڕوونە. بەڕێز ئۆجالان نەک تەنها دانوستانکاری سەرەکی، بەڵکو ئەکتەری سەرەکی ئەم پرۆسەیە. هەربۆیە کاتێک باسی مافی هیوا دەکەین، دەڵێین ئەمە مافێکە هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ٢٥ ساڵە لە زینداندان.

تولای حاتم ئۆغۆللاری وتیشی: بەڕێز ئۆجالان لە دوورگەکە لەگەڵ دەوڵەت لە کۆبوونەوەکانی بەردەوامەو نزیکایەتی و قسەکانی، داخوازییەکانی زۆر ڕوونن. واتە ئەو نزیکایەتی یاسایانەی پێشتر باسم کرد دەبێت جێبەجێ بکرێن. نابێت هیچ دواخستنێک هەبێت. هەروەها لە دیدارەکەی پێشوویدا گوتیبووی، "ئێمە یارییەکانی مەعاوییە بە باشی دەزانین. لە بەرانبەر یارییەکانی مەعاوییە بەرخۆدان نیشان دەدەین". ئەمە وەک بەرخۆدانی حوسێنی پێناسە دەکەین. واتە لەبەرانبەر مەعاوییە بەرخۆدانێکی حوسێنی ئەنجام دەدرێت. هەربۆیە ئەو پرسانەی کە پێداگرییەوە لەسەری دەوستێت ئەمانەن: جدیەت، بەپەلە، ئەرک. ئەرکەکان ڕوونن. واتە ئەو هەنگاوانە چین کە دەبێت بنرێن؛ ئەو ڕێسا یاساییانەی کە پێشتر باسمان کرد. دەرکردنی یاسای ئازادی، دەکردنی یاسای دیموکراتیزەکردن. بۆ نمونە باس لە ئەنتێگراسیۆن دەکرێت. ئەمەش بە تایبەتی بۆ سووریا، بۆ ڕۆژئاوا زیاتر تاوتوێی لەسەر دەکرێت.

News ID 226196

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha