بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە وەزارەت و دەزگا فیدراڵییەکانی ئەمریکا داخران، ئەویش دوای ئەوەی کۆماری و دیموکراتییەکانی کۆنگرێس لەسەر درێژکردنەوەی کاتیی بوودجە بۆ دامەزراوە فیدراڵییەکان ڕێکنەکەوتن.
لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەمجارە دامەزراوە فیدراڵییەکان پەک بخرێن ئەوی دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٨ش دامەزراوە فیدراڵییەکان بۆ ماوەی ٣٥ ڕۆژ داخران.
تا ئەوکاتەی بوودجەی ئەمریکا پەسەند دەکرێت، سەرجەم چالاکی باڵیۆزخانەی بەغدا و کونسوڵخانەی هەولێر لە دەرەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە ڕادەگیرێت، تەنانەت پۆستیش لە سۆشیال میدیای تایبەت بەخۆیان بڵاو ناکەنەوە.
ڕاگرتنی چالاکی کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەی ئەمریکا، کاریگەری لەسەر پێدانی ڤیزە و ڕاییکردنی ئەو کەسانە نابێت کە دەیانەوێت گەشت بۆ ئەو وڵاتە بکەن.
چاوەڕوان دەکرێت تا کاتی چارەسەرکردنی کێشەکە پشووی کاتیی بە نزیکەی ٧٥٠ هەزار فەرمانبەری فیدراڵی بدرێت و ئەگەریش هەیە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ بەشێکیان لە کارەکانیان دووربخاتەوە.
Your Comment