۲۷ لەسەدی دەنگدەران ناتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا بکەن

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ناوەندێکی تایبەت بە هەڵبژاردن، نزیکەی ۲۷%ـی دەنگدەران لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ساڵی ۲۰۲۵ـی پەرلەمانی عێراق بێبەش دەبن، هۆکارەکەشی ئەوەیە بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەبێ کارتی بایۆمەتری هیچ کەسێک ناتوانێت دەنگ بدات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پلانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ تۆماری کۆتایی دەنگدەرانی بایۆمەتری پەسند کردووە. بەگوێرەی تۆمارەکە، ۲۱,۴۰۴,۲۹۱ کەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا هەیە و بەم شێوەیە دابەشبوون: ۲۰,۰۶۳,۷۷۳ دەنگدەری گشتی، ۱,۳۱۳,۹۸۰ دەنگدەری تایبەت و ۲۶,۵۳۸ دەنگدەری ئاوارە.

ناوەندی شارەزایانی هەڵبژاردن بۆ لێکۆڵینەوە و راهێنان، ئەمڕۆ دووشەممە، ۲۹-۰۹-۲۰۲۵، بڵاویکردەوە، کۆی گشتیی دەنگدەران لە عێراقدا (تۆمارکراو و تۆمارنەکراو) ۲۹,۲۵۳,۲۶۰ کەسە. بەمەش ۷,۸۴۸,۹۶۹ دەنگدەر ناتوانن بەشداریی هەڵبژاردن بکەن، کە دەکاتە رێژەی ۲۶.۸۳%ی کۆی دەنگدەران. هۆکاری سەرەکیی بێبەشبوونی ئەم ژمارە زۆرەی دەنگدەران، مەرجی بوونی کارتی دەنگدانی بایۆمەترییە وەکو بەڵگەنامە بۆ دەنگدان.

ناوەندەکە پێشتر پێشنیازی کردبوو، کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ دەنگدان پەسند بکرێت. بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی رێگە بۆ بەشداریی فراوانتر خۆش دەکات، چونکە تاوەکو ئێستا نزیکەی ۷۳%ـی هاووڵاتییان ئەو کارتەیان هەیە. جگە لەوەش، کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو رێگە بە دەنگدەرانی دەرەوەی وڵاتیش دەدات مافی دەنگدانی خۆیان بەکاربهێنن.

ناوەندەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، مافی دەنگدان مافێکی دەستوورییە و پێویستە دامەزراوەکان پاڵپشتیی بکەن و کارئاسانی بۆ هاووڵاتییان بکەن تاوەکو بتوانن بەکاریبهێنن. "هیچ پاساوێک نییە بۆ بێبەشکردنی ئەو ژمارە زۆرەی هاووڵاتییان لە مافی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، جا بە ئەنقەست بێت یان نا".

لەم بارەیەوە، جوومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، ۲۹-۰۹-۲۰۲۵، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند: "هەبوونی کارتی بایۆمەتری مەرجی سەرەکییە بۆ دەنگدان، بۆیە هەر کەسێک بە هەر هۆکارێک ئەو کارتەی نەبێت، ناتوانێت دەنگ بدات".

News ID 226170

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha