بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە گەشتەکەی بۆ قەتەڕ، وەڵامی چەند پرسیارێکی ڕۆژنامەوانانی لەبارەی پرسی هەسەدە و سووریا، پرۆسەی ئاشتی، دۆسییەکانی سەر جەهەپە هێرشەکانی سەر غەززە دایەوە.
ئەردۆغان بەبێ ئەوەی هەسەدە بە رێکخراوی تیرۆریستی ناوببات لەو بارەیەوە گوتی: "پەیامی ئێمە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات روونە و دەڵێین: "تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ حکوومەتی سووریا، هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا".
ئەردۆغان، دەپرسێت؛ لە کاتێکدا بتوانین بە ئاشتی بیبەینەوە و قازانج بکەین، بۆچی بە شەڕ زیان بکەین و بدۆڕێین؟
سەرۆککۆماری تورکیا لە درێژەی پەیامەکەیدا بۆ هەسەدە دەڵێت: "با هەموومان رووە و پێشەوە هەنگاو بنێین، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ رێگەی هەڵە ببەین و بچینە ناو یارییەکانی دوژمنەکانمان".
ئەردۆغان بەبێ ئەوەی ناوی هەسەدە بهێنێت وتی: "هەندێکجار هەندێک هەوڵ دەدرێت، بۆ رێگرتن لەوەی سووریا ببێتەوە بە یەک هێز و دڵ، بێگومان ئێمە لەم دۆخەدا هەرگیز سووریا بە تەنیا بەجێناهێڵین، هەر لەبەرئەوەشە وەزیری بەرگری و سەرۆکی میت لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەگەڵ بەرپرسانی سووریا".
ناوبراو وتیشی، گەورەترین خواستی تورکیا بەدیهێنانی یەکبوون و یەکێتیی سووریا و هێنانەئارای ئاشتییەکی هەمیشەییە، هەربۆیە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردنی گەلی سووریا.
ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە ئاماژەی بەوەکرد، پرۆسەکە بە مکوڕیی و بەو ئامانجەی بۆی دانراوە بەردەوامە و بەو بەردەوامییەش دەتوانرێت برایەتی، یەکبوون و پێکەوەبوون بپارێزرێت.
باسی لەوەشکرد، بە تێگەیشتنێکی فراوانەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن، کە تەنیا بۆ ئەمڕۆ نییە، بەڵکوو گرەنتی داهاتووش دەکات، هەر بۆیە لە نزیکەوە چاودێریی هەنگاوە مەیدانییەکان دەکەن.
ئەردۆغان لەبارەی تۆمەتبارکردنی بە فشارخستنە سەر بەرپرسانی جەهەپە بۆ ئەوەی رئوو لە ئاکپارتی بکەن وتی: "بە درێژایی ژیانم کاری لەو جۆرەم نەکردوووە. ئەوانەی دێنە ئاکپارتی بۆ ئەوە دێن، دەزانن ئاکپارتی خزمەتی گەل و وڵات دەکات".
لە کۆتاییدا سەرۆککۆماری تورکیا حکوومەتی ئیسرائیلی بە "تۆڕی تاوان و ئایدۆلۆجیایەکی فاشیست" و بنیاین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیشی بە "خزمی ئایدۆلۆژیی هیتلەر" ناوبرد و گوتی، نەتەنیاهووش، هەمان چارەنووسی هیتلەری دەبێت.
Your Comment