بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی ڕاگەیەندراوەكە بەمشێوەیە:
ڕۆژی سێشەمه ٢٦ی ئاب شاندێکی باڵای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەڕاسپاردەی سەرۆکی دەستە د.مونا یاقۆ سەردانی شاری سلێمانیان کرد، شاندەکە لە گرتووخانەی کانی گۆمە چاویان کەوت بە لاهوور شێخ جنگی لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵ کرد دەربارەی ڕەوشی تەندروستی و شوێنی حەوانەوە و ڕێکارەکان پرسیاریان لێ کرد.
ناوبرا ئاماژەی بەوە کرد تەندروستی باشە و لە ژوورێکی تایبەت دانراوە و تەواوی پێداویستیەکانی بۆ دابین کراوە هەروەها بە ڤیدیو لەگەڵ خێزانەکەی قسەی کردووە هەروەها داوای پەرتوکی کردبوو لە ئاسایش کومەڵێک پەرتووکیان بۆ هێناوە، وە ئاماژەی بەوەش کرد لەوکاتەی کە هاتووە بۆ زیندانی ئاسایش لە کانی گۆمە، ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژی و ئەشکەنجەیێک نەبۆتەوە.
دواتر لاهوور شێخ جنگی داوای کردووە کە دۆسیەکەی بەڕێکاری یاسایی بروات و دەستەش چاودێری بکات.
هەروەها لەسەر ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە گوتی زووتر نوێنەرانی وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و حکوومەتی هەرێمی لێ ئاگادار کردۆتەوە کە ئەو ڕووداوانە ڕوو دەدەن.
دەستەی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەدا مافی ناوبراوە ڕێگە بە پارێزەرەکانی بدرێ سەردانی بکەن و بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا ئەو پرسەش چارەسەر بکرێ و ڕێگە بدرێ بە سەردانی پارێزەرەکان.
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لەکاتی لێکۆڵینەوەکان هیچ توندوتیژیێکی بەرامبەر نەکراوە و هیچ دان پێدانێکی بەزۆری لێی وەرنەگیراوە هەروەها لەوەڵامی پرسیاری تیمی دەستە سەبارەت بە ڤیدیو کردن لەکاتی لێکولینەوە گوتی هیچ کامیرا و ئامێری تۆمارکردن نەبووە لەکاتی لێکولینەوە.
دواتر تیمەکەی دەستە چاویان بە بەشێک لە دەستگیراوەکان کەوت کە وەک ئەندامی هێزەکەی لاهوور شێخ جنگی ناسراون و بەپێی بەدواداچوونی شاندەکەی دەستە ژمارەیان ١٦٢ کەسن وە ئاسایش گوتی ژمارەی کوژراوەکانی هەردوو لا پێنج کەسن هەروەها ئاماژەیان پێکرد کە ڕۆژانە ڕێگە بە بەشێک لە کەس و کاریان دراوە سەردانیان بکەن وە ئاماژەیان بەوە کردوە لە ئێستادا شوێنیان باشە لەو کاتەی هێنراونەتە ئاسایش ڕووبەڕووی هیچ توندوتیژیێک نەبوونەتەوە.
دەستەی مافی مرۆڤ ڕایدەگەینێ هەر کەسێکی نادیار و بێ سەروشوێنە لەو ڕووداوە دەتوانێ سەردانی نووسینگەی سلێمانی مافی مرۆڤ بکات بۆ سۆراخ کردنی کەسەکانیان جێی باسە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ یەکەم دامەزراوەی فەرمیە دوای ڕووداوەکانی سلێمانی سەردانی دەستکیرکراوانی کردبێت.
دەستەی سەربەخۆی مافی مروڤ لە هەرێمی کوردستان
٢٦ی ئابی ٢٠٢٥
Your Comment