ڕاگەیێندراوی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕووداوەکەی لالەزار

سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان، داواکاری گشتیی سلێمانی ڕادەسپێرێت بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوەی شەوی ۲۱ لەسەر ۲۲ی ۸ی ۲۰۲۵ و پاراستنی مافی هەموان لە چوارچێوەی یاسا ودەستور.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی داواکاری گشتی له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا لەبارەی ڕووداوەکەی لالەزار باسی له‌وه‌ کردوه‌: "یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی یاساکان بریتییە لە پاراستنی ماف و ئازادیەکان و ئاسایشی هاوڵاتیان و پێویستە هەموو کەسێک پابەندی یاسا بێت و کەس لە سەرووی یاسا نەبێت، بۆیە و پاڵپشت بەو ئەرکە یاساییەی کە دەزگای داواکاری گشتی هەیەتی لە پاراستنی سیستەمی هەرێم و چاودێری ڕەوایی (مراقبه‌ المشروعیه‌) و پاراستنی ســەروەری یاسا و باش پیادەکردنی حوکمەکانی و چاودێری جێبەجێ کردنی بڕیارەکان بە پێی ماددە (۱/یەکەم، چوارەم) لە یاسای داواکاری گشتی هەموارکراو".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کردووه‌: جەخت دەکەینەوە کە "لە کاتی جێبەجێ کردنی هەر فەرمان و بڕیارێکی دادگا دەسەڵاتی جێبەجێ کردن پێویستە بەو پەڕی پەرۆشییەوە ڕەچاوی بنەما یاسایی و دەستوریەکان بکات لە پاراستنی گیان و کەڕامەتی هاوڵاتیان و پاراستنی سامانی گشتی و تایبەتی و مافەکانی خودی تۆمەتباریش کە لە یاسا و دەستوردا هاتووە".

سەرۆکایەتی داواکاری گشتی ده‌ڵێت: "بۆ جێبەجێ کردنی فەرمان و بڕیارەکانی دادگا، یاسا ڕێوشوێنی ئەوتۆی دیاریکردوە کە نەبێتەهۆکاری پشێوی و نا ئارامی و زیانگەیاندن بە سامانی گشتی و تایبەتی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما دەستوری و یاساییەکان و هەر لەم چوارچێوەیە زۆر گرنگە مافی ژیان و کەڕامەت وئازادی هاوڵاتیان پارێزراو بێت".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: "جەخت لەسەر هەمو دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خاوەنی پەیج و هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکەین کە بە شێوەیەکی بەرپرسانە و دوور لە ئاڵۆزکردنی زیاتر، مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە ولێکەوتەکانی بکەن".

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌: "فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی ڕادەسپێرین بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوەی شەوی ۲۱ لەسەر ۲۲ی ۸ی ۲۰۲۵ و پاراستنی مافی هەموان لە چوارچێوەی یاسا ودەستوور".

News ID 225979

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha