بەرهەمهێنانی نەوت لە تاوکێ و پێشابوور دەستیپێکردەوە

کۆمپانیای DNO ئاشکرای کرد بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی تاوکێ و پێشاپوور دەستپێکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو کێڵگەکە بە درۆن کرایە ئامانج.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی ڕاپۆرتی چارەکی دووەمی خۆی بڵاو کردەوە و ئاشکرای کرد، سەرەتای ئەم مانگە قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا لە هەر دوو کێڵگەدا بە تێکڕا گەیشتووەتە ۷۴ هەزار و ۷۶۰ بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. لە کاتێکدا لە چارەکی یەکەمی ۲۰۲۵ـدا ئاستی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە لە تاوکێ و پێشابوور ۸۲ هەزار و ۸۱ بەرمیل بووە.

لەو بڕە، رۆژانە ۲۷ هەزار و ۹۴۰ بەرمیل نەوت لە کێڵگەی تاوکێ و ۴۶ هەزار و ۸۲۰ بەرمیلیش لە کێڵگەی پێشابوور بەرهەمهاتووە.

بەپێی کۆمپانیاکە، کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە چارەکی دووەمدا لەبەر دوو هۆکار بووە، هۆکاری یەکەم هێرشە درۆنییەکانی نێوەڕاستی مانگی ۷، هەروەها پرۆسەی چاککردنەوەی دامەزراوە نەوتییەکان بووە، کە لە ۳ مانگی دووەمی ئەمساڵدا جێبەجێکراوە.

کەمبوونەوەی بەرهەم بەراورد بە چارەکی پێشوو، بەهۆی دوو وەستانی کارکردنەوە بوو کە بەهۆی کێشەکانی بازاڕەوە سەپێنران. لەکاتی ئەو وەستانانەدا، DNO هەندێک چاکسازی کرد، کە لە بنەڕەتدا بڕیاربوو لە کۆتاییەکانی ئەمساڵدا بکرێن.

کۆمپانیای DNO خاوەنی ۷۵٪ی پشکەکانی مۆڵەتی تاوکێیە و بەکارخەری بلۆکەکەیە، هاوبەشەکەشی کە کۆمپانیای "گەنەڵ ئێنێرجی "یە، خاوەنی ۲۵٪ی مۆڵەتەکەیە.

News ID 225950

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha