بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جێگری هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری کوردستانی سووریا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا ڕایدەگەیێنێت: ناکۆکییە سەرەکییەکانیان لەگەڵ دیمەشق پەیوەستە بە پرسی نا ناوەندێتی و چۆنیەتی تێکەڵبوون لەناو دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان، پێشیوایە، دەسەڵاتی کاتی دیمەشق ئیرادەی بڕیاردانی نییە، بەوپێیەی کاریگەری دەستوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیای لەسەرە.
چیا کورد ڕاشیگەیاند: خۆشحاڵییەکەی زۆر هاتە ئاراوە بە ڕووخانی ڕژێمی سووریا و هەنگاونان بەرەو شێوازێکی نوێ لە حوکمڕانی و بونیادنانی ئایندە کە زامنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان بکات، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ڕەفتار و هەڵسوکەوتێک بە دیدەکەین کە گومان و دردۆنگی لای زۆرێک لە سوورییەکان وروژاندووە، لە نموونەی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەی لە ناوچەی کەناراوەکان و باشوور ڕوویاندا، لە پاکتاوی ڕەگەزی و مەزهەبی، وێڕای ئەو چالاکییانەی کە دەسەڵاتدارانی کاتیی ئەنجامیانداوە بەناوی پێکهێنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت و رێکارەکانی قۆناغی ڕاگوزەرەوە، هەموو ئەمانە وایکرد هەنگاوەکانی قۆناغی ڕاگوزەر لە سووریا پڕ کەموکورتی و ناتەواو بێت، چوونکە قۆناغی ڕاگوزەر پێویستی بە بەشداری هەموو لایەنەکانی سووریایە، بەڵام دەبیین ئەم دامەزراوانە بەشێوەیێکی تاکلایەنە پێکهێنراون.
لەبارەی ئەگەر پێکدادانی سوپای دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکراتیش وتی: دۆخەکە لە سووریا بە ئاڕاستەی ئاڵۆزبوون دەڕوات، لەهەوڵ و پەیوەندی بەردەوامداین بۆ خۆبەدوورگرتن لەهەر پێکدادانێکی سەربازی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق، بەڵام هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا کە پابەندی فەرمانەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا نابن، ناوبەناو دەستدرێژی و کاری نابەرپرسیارانە ئەنجامدەدەن لە ناوچەکانی حەڵەب و دێرحافر و هەندێک ناوچەی تر لە دەیرزور، کە ڕەنگە ئەم هەڵسوکەوتانە ببێتە هۆی هەڵکشانی دۆخەکە.
جەختیشی کرد لەوەی، هێزەکانی سووریای دیموکرات لەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ وەڵامدانەوەی هەر دەستدرێژییێک بکرێتە سەر ناوچەکانیان.
لەبارەی ناکۆکییەکییە سیاسەکان و هۆکاری نەگەیشتنیش بە چارەسەر ئاماژەی بەوەکرد: جیاوازی هەیە لە دیدو تێڕوانیمان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق، دۆسیەی قورس و ئاڵۆز هەیە لەنێوانماندا، ئەمەش وایکردووە دانوستەکان بەرەوپێشنەچن و پێویستیان بەکاتی زیاتربێت، ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوانمان پەیوەستە بە پرسی نا ناوەندی و چۆنییەتی تێکەڵبوون لەناو دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکان، دەسەڵاتی کاتی دیمەشق ئیرادەی بڕیاردانی نییە، بەوپێیەی کاریگەری دەستوەردانی ڕاستەوخۆی تورکیای لەسەرە، هەڵوەشانەوەی کۆبونەوەکەی پاریسیش لەچوارچێوەی ملکەچبوندابوو بۆ فشارەکانی تورکیا، کۆنفرانسی حەسەکەی وەک بیانو بەکارهێنا بۆ ئامادەنەبوون لە کۆبوونەوەکە.
چیا کورد لەبەشێکی تری قەسکانیدا وتی: کێشەی پێکهاتەکانی سووریا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و باشوور و کەناراوەکان و ناوچەکانی تریش، بوونەتە کێشەکەیەک کە ڕەهەندی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیان هەیە، بۆیە هێزی نێودەوڵەتیەکان دەستوەردان دەکەن و دەیانەوێت سنوورێک بۆ توندڕەوی و کوشتن و ڕاگواستن و پێشێلکارییەکان دابنێنن، بۆیە ئێمە ئامادەیی نێوبژیوانە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان لەم گفتوگۆیانە بە گرنگ دەزانین.
لەبارەی دەنگۆکانی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەڵەتیش، جەختی کرد: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئێستادا چالاکییێکی فراوانتری لە ناوچەکە بە هاوکاری هەسەدە دەستپێکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شانەکانی داعش، کە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس چالاکییەکانیان زیادی کردووە، سەرەڕای گەشەکردنی گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان کە زەمینیەکی لەباریان بۆ رەخساوە لە سووریا، ئەمەش وایکردووە هاوکاریی و چالاکییەکانیان لەگەڵ هەسەدە لەناوچەکە فراوانتر بکەن، بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێک باسی دەکەن لەوەی ئیدارەی ئەمریکا چیتر بایەخ بەناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا نادات و هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە فەرامۆش کردووە، ئەمە ناڕاستە و هیچ بنەمایێکی نییە.
Your Comment