بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاویکردەوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامەکەدا سڵاوی ئاراستەی دانیشتووانی کەمپەکە کردووە و گوتوویەتی: ''گەلەکەمان لە مەخموور، لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیماندا رۆڵێکی زۆر گرنگی گێراوە و خاوەن بەهایێکی گەورەیە. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بە کردەوەکانیان سەلماندیان کە بەرخودان ژیانە، پاڵەوانی گەورەیان پێگەیاند و باری قورسی تێکۆشانیان بە سەرکەوتوویی لە ئەستۆ گرتووە''.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی رۆڵی ئەو پەنابەرە کوردانەی باکووری کوردستان لە پرۆسەی چارەسەری گوتوویەتی: ''باوەڕم وایە گەلەکەمان لە مەخموور، هەروەک چۆن لە رابردوودا کۆڵەکەی سەرەکیی تێکۆشانمان بوو، لە پرۆسەی بنیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیشدا هەمان رۆڵ و ئەرک لە ئەستۆ دەگرێت''.
ئۆجەلان لەبارەی گەڕانەوەی ئەو پەنابەرانە بۆ باکووری کوردستان، ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چارەسەریدا ''دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆتان''.
Your Comment