بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانیدا، جەختی کردەوە کە واشنتن پێشوازی لە هەر کۆبوونەوەیێک دەکات لەنێوان هەسەدە و دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقدا دەکرێن.
تامی برووس ڕایگەیاند: "ئێمە بەردەوامین لە پشتیوانیکردن لە گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە ئامانجی تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا".
ئاماژەی بەوەش کرد، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایش و ئارامی بۆ هەموو هاوڵاتییانی سووریا و وتیشی، "ئێمە پێشوازی لە هەموو کۆبوونەوەیێکی بەرهەمدار دەکەین لەنێوان هەسەدە و سەرۆک شەرعدا دەکرێن".
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی لە گۆڕینی ئاگربەستی ئێستای باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکات بۆ ئاشتییێکی "گشتگیر و هەمیشەیی" و جەختیشی کردەوە کە بەرپرسیارێتیی بردنەپێشی وڵات بەرەو ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتە نوێیەکەی سووریا.
برووس وتیشی: "پێموایە هەڵوێستی پێشوومان وەک خۆی ماوەتەوە. ئێمە بەردەوامین لەسەر ئەو بڕوایەی ئەوەی دیموکراسی زۆر گرنگە، هەروەها دیپلۆماسیش گرنگە کاتێک دێتە سەر باسی شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکان".
Your Comment