لە سووریای نوێدا یەکگرتنەوە بە واتای هاوبەشی دێت و بە زۆر ناسەپێنرێت

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد گۆڕانکاری ڕیشەیی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی بەخۆیەوە بینیوە و دەشڵێت چەمکی یەکگرتنەوە بە واتای هاوبەشی دێت و سووریای نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی نوێ لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی وڵاتدا دادەمەزرێت، یەکگرتنەوە بە زۆر ناسەپێنرێت".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەقی چاوپێکەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی  لە ئاژانسی هاوار بەمشێوەیە:

سەبارەت بە رێککەوتنی ۱۰ی ئازاری ۲۰۲۵ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئێستای سووریا، مەزڵوم عەبدی رایگەیاند: "رێککەوتنەکە لە کاتێکی هەستیاردا هات، پێویست بوو بۆ گەیشتن بە ئاگربەست، راگرتنی شەڕ و کردنەوەی بواری دیالۆگ، لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق لەسەر ئەم پرسانە رێککەوتین. لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا رەنگە هەنگاوی گەورە لە رووی کردارییەوە نەندرابێت، بەڵام هەندێک ئامانج بەدیهاتوون و ئێستا ئاگربەست هەیە و دەمانەوێت بە شێوەیەکی هەمیشەیی بیپارێزین".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە: رێککەوتنەکە راستەوخۆ لە نێوان خۆی و سەرۆکی سووریا، ئەحمەد شەرع واژۆکراوە و "پێویست بوو هێزە نێودەوڵەتییەکانیش بەشداری بکەن بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوی دروست بنێین. ئێستا وڵاتانی جیهان بەشداری لەم کۆبوونەوانەدا دەکەن و دەمانەوێت پێکەوە ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکەین".

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ۹ی تەمموز و ئەو مشتومڕەی دروستی کرد، فەرماندەی گشتی هەسەدە دەڵێت: "ئامانج لەو کۆبوونەوەیە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ بوو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ۱۰ـی ئازار و بۆ یەکەمجار نوێنەرانی ئەمریکا و فەرەنساش ئامادەبوون، لەسەر زۆر پرس رێککەوتین، بەڵام هەندێک بابەتی تر کە لە کارنامەدا نەبوون، خرانە روو و نەمانتوانی بڕیاریان لەسەر بدەین، بۆیە گفتوگۆکان دواخران بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو".

هەروەها فەرماندەی هەسەدە هۆکاری نەگەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "ئامادەکارییەکان بەشی ئەوە نەبوون ئەنجامێکی سەرکەوتوو بەدەست بهێنرێت."

لە بەشێكی دیکەی قسەکانیدا مەزڵوم عەبدی جەختی لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و وتی: "لە رێککەوتنی ۱۰ـی ئازاردا رێککەوتین کە سووریا دابەش نابێت. سووریا، یەک وڵاتە و هی هەموومانە. بێگومان ئەم وڵاتە یەک حکومەتی دەبێت و یەک سوپاشی دەبێت، نەک دوو سوپا. هێزەکانی سووریای دیموکراتیش بە دڵنیاییەوە دەبنە بەشێک لەم سوپایە."

جەختیشی کردەوە: "ئێمەین کە باشتر لە هەموو کەس سنوورەکانی سووریامان پاراستووە. لە ناوچەکانی ئێمەدا هەموو پێکهاتەکان پێکەوە دەژین، واتە سووریایەکی بچووک لێرە هەیە. بەڵام بەداخەوە هەندێک درۆ بە ئەنقەست دەخرێتە پاڵ هەسەدە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر."

لە پێناسەی چەمکی "یەکگرتنەوە"ـشدا باسی لەوە کرد: "یەکگرتنەوە واتە هاوبەشی لە نێوان هەموو سوورییەکاندا. دەبێت سووریایەکی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشییەکی نوێ دابمەزرێت. ئەمەش بە زۆر ناسەپێنرێت و دەبێت لە رێگەی لێکتێگەیشتن و دیالۆگەوە بێت".

سەبارەت بە داواکارییەکانی خەڵکی دێرەزوور و رەققە، کۆبانێ رایگەیاند: "خەڵکی ئەو ناوچانە زۆر روون بوون. دەیانەوێت سووریا یەکگرتوو بێت، بەڵام دەیانەوێت پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەن کە لە ماوەی شۆڕشدا بەدەستهاتوون و دامەزراوەکانیان لەلایەن رۆڵەکانی خۆیانەوە بەڕێوەببرێن. بۆ نموونە، خەڵکی دێرەزوور داوایان کردووە ئەو فیرقە سەربازییەی کە لە رۆڵەکانی ناوچەکە پێکهاتووە و ئەو ۲۰ بۆ ۳۰ هەزار فەرمانبەرەی کە لە دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکاندا کاردەکەن، لە کارەکانیان بەردەوام بن".

لەبارەی داهات و سەرچاوە ئابوورییەکانی وەک نەوت، فەرماندەی هەسەدە جەخت دەکاتەوە کە: "ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی لە پاریس گفتوگۆی لەسەر دەکەین. کاتی ئەوە هاتووە ئەم دۆسیەیە بە فەرمی بخرێتەڕوو. نەوت موڵکی هەموو سووریایە و دەبێت هەموو ناوچەکان سوودی لێ ببینن. بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنرێت کە ئەم ناوچەیە (رۆژهەڵاتی فورات) لە ڕووی مێژووییەوە پەراوێزخراوە و پێویستی بە ئاوەدانکردنەوە هەیە، بۆیە دەبێت پشکێکی لە داهاتی نەوت بۆ تەرخان بکرێت".

News ID 225862

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha