ڕێبەر ئەحمەد، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ هەیە، لێژنەیەکی تەکنیکیە و کاردەکات بۆ ئەوەی یەکلا بکاتەوە ئەو جۆری درۆنانە هی کامە گرووپی چەکداری عێراقە و بەکاری دێنن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش ڕوونە و دەزانین چ گرووپ و لایەنانێک ئەو جۆرە درۆنانەیان هەیە، پێشتریش ئەو جۆرە درۆنانەیان ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کردووە".
وەزیری ناوخۆی هەرێم باسی لەوەش کرد، دەزانین ئەو درۆنانە لە کوێ دروستکراوە، چۆن هاتوون و ئامانجیش چییە لەو هێرشانە، هیوادارین لیژنەکە ڕاپۆرتێکی دادپەروەرانە ئامادە بکات و دەرەنجامەکەی ڕابگەیەنرێت و بکەران سزابدرێن.
لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداشەوە ڕێبەر ئەحمەد دەڵێت: "ڕێککەوتنەکە هەندێک بابەتی تیادایە لە دەرەوەی یاسا و دەستوورە. بەڵام بۆ خاتری ئەوەی مووچە بۆ خەڵک دابین بکرێت، سەرۆکی حکوومەت و ئەنجومەنی وەزیران ئەو ڕێکەوتنەیان پەسەندکرد، تا هیچ بەهانەیەک بەدەست بەغدادەوە نەمێنێت".
Your Comment