بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود ئۆزەر پارێزەر و چاودێری سیاسیی لە ئەنقەرە ئاشكرای كرد "کۆمسیۆنی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئامادەکاریی بۆ گۆڕین و هەموارکردنەوەی ئەو یاسا و دەستورە دەکات کە بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە دەبێت بگۆڕدرێن، هاوکات ئەو کۆمسیۆنە پێشنیازەکە پێشکەشی پەرلەمان دەکات و دەبێت ٣٠١ پەرلەمانتار دەنگ لەسەر پێشنیازەکە بدەن تاوەکوو پەسەند دەکرێت".
ئەو پارێزەرە وتیشی: "بۆ پرسی کورد لە تورکیا، کارەکانی ئەو کۆمسیۆنە بریتن لە؛ چۆنیەتی بەشداری کردنی پەکەکە لە پرۆسەی سیاسی تورکیا، داهاتووی زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندنو دانپێدانان بە نەتەوەی کورد وەکوو بەشێک لە دەوڵەتی تورکیا".
مەسعوود ئۆزەر ئهوهشی ڕاگهیاند: "ئەو ٥١ ئەندام پەرلەمانتارهی لە کۆمسیۆنەکە ئەندامن، شارەزاییێکی باشییان لە مێژوو و پرسی کورد هەیە و پشتگیریی سیاسیشیان هەیە، بۆیە بۆ بەدەستهێنانی داخوازییەکانی کورد، لەو کۆمسیۆنەدا زۆر گرنگ دەبێت".
ناوبراو ڕوونیشی كردهوه: "ئەو هەلومەرجەی ئێستا بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەیە جیاوازە و پێشتر بەو شێوەیە نەبوو، چوونکە ئەمجارە دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتیی مەهەپە و ئەوانە لە دەسەڵاتن پشتگیریی پرۆسەکە دەکەن و تێگەیشتن کە پرسی کورد دەبێت لە ڕیشەوە چارەسهربکرێت".
سهبارهت بهچارەنووسی ئەو زیندانیانەی لەسەر پرسی کورد دەستگیرکراون، ئەو پارێزەرە دەڵێت: "دەبێت سەرەتا داخوازییەکانی کورد لە ڕووی یاسای و دەستوورییهوه جێبەجێ بکرێن، دوای ئەوەی پرۆسەی ئاشتی سەرکەتووبوو، دەبێت بڕیارێک بۆ لێخۆشبوونێکی گشتیی دەربچێت، بۆ ئازادبوونی دهمیرتاش-یش لهسهرهتادا، پێموایە، بەو هەلومەرجەی ئێستا هەیە، مانگی داهاتوو ئازاد دەکرێت".
Your Comment