بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیێندراوێکدا، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ڕۆژی هەینی، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، چەندین دیداری گرنگیان ئەنجام داوە.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها پێکهاتبوو لە سەروەر کەمال هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەسعەد حەمەد، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان، و هۆشەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری کاروباری تورکیا لە فەرمانگە.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا، شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوح یلماز، جێگری وەزیری دەرەوە، مستەفا توزجۆ، جێگری وەزیری بازرگانی، و زەکەریا جۆشتو، جێگری وەزیری پیشەسازی و تەکنۆلۆژیای تورکیا کۆبوونەوە، هاوکات دیداریان لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، وزە و سەرچاوە سروشتییەکان و کشتوکاڵی ئەو وڵاتە ئەنجام دا.
لە کۆبوونەوەکاندا، جەخت لەسەر گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا کرایەوە و تاوتوێی دەرفەتەکانی برەودان و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا کرا.
Your Comment