دەستگیر کردنی «جەلادەکەی نوگرە سەلمان»؛ هیوایێکی نوێ بۆ زیانلێکەوتوانی ئەنفال

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی عەجاجی نوگرەسەلمانی ڕاگەیاند و دەڵێت، کەسوکارەکەی بۆ چەواشەکردنی دەزگا ئەمنییەکان، بانگەشەی مردنییان کردبوو.

کوردپرێس: ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕۆژی هەینی بڵاویکردەوە، "لە درێژەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان بۆ ڕاوەدوونانی تاوانبارانی ڕژێمی پێشوو، دوای بەدواداچوونێکی وردی هەواڵگری، کە زیاتر لە ۶ مانگی خایاند، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی پارێزگای موسەننا، بە هاوئاهەنگیی دەزگا ئەمنییەکانی باشووری سەلاحەدین، توانییان یەکێک لە داواکراوە سەرەکییەکان لە ڕژێمی پێشوو دەستگیر بکەن کە تۆمەتباری هەڵاتوو، عەجاج ئەحمەد حەردان ناسراو بە حەجاجی نوگرەسەلمانە".

عەجاج ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتییە، خەڵکی شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەلاحەدینە و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، واتە عەشیرەتەکەی سەدام حوسێن.

بەگوێرەی دەزگاکە، عەجاج چەندین پۆستی ئەمنیی هەبووە، لەوانەش ئەفسەری کەرتی ڕومێسە، ئەفسەری کەرتی نەجمی، ئەفسەری کەرتی هیلال، ئەفسەری کەرتی پارێزگای موسەننا، ئەفسەری کەرتی بوسەییە و دواجاریش ئەفسەری کەرتی نوگرەسەلمان بووە.

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، عەجاج لە سنووری کەرتەکانی ژێر دەسەڵاتیدا بەشداریی لە چەندین "لەسێدارەدان و شاردنەوەی قوربانییان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا کردووە".

بەگوێرەی دەزگاکە، "تۆمەتبارەکە لە سەردەمی دیکتاتۆریدا، زنجیرەیێک تاوانی دژی مرۆڤایەتی بەرامبەر سەتان هاووڵاتیی عێراقی ئەنجامداوە، بەتایبەتی ئەو کوردانەی بەزۆر بۆ پارێزگای موسەننا دوورخرابوونەوە، کە تاوانەکانی بریتی بوون لە ئەشکەنجەدان، کوشتن و دەستدرێژیی سێکسی لەنێو زیندانە بەدناوەکاندا".

وەکو ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی پێدەکات، کەسوکارەکەی عەجاج بۆ "چەواشەکردنی" دەزگا ئەمنییەکان بانگەشەی مردنییان کردووە، "بەڵام هەوڵی هەواڵگری و شیکردنەوەی زانیارییەکان و بەراوردکردنیان لەگەڵ دانپێدانانەکانی پێشوو، بووە هۆی ئاشکراکردنی شوێنەکەی و دیاریکردنی شوێنی خۆحەشاردانی لە پارێزگای سەلاحەدین".

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "دوای وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەر و تۆمارکردنی گوتەی قوربانییەکان و سکاڵاکاران، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە ئەنجامدرا و ڕەوانەی لایەنە تایبەتمەندەکان کرا بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان لە دژی".

ساڵی ۱۹۸۸ لە هەڵمەتێکی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا بە ۸ قۆناخ پرۆسەی ئەنفالی کورد بەڕێوەچوو.

ئەوانەی لە ئەنفالدا دەستگیرکران، لە قۆناخی دواتردا لە یەکدی جیاکرانەوە، گەنجەکان لەلایەک و ئافرەت و منداڵ و پیر و بەتەمەنەکانیش لەلایەکی دیکە. گەنجەکان بە پاس بەرەو چاڵەکانی مەرگ ڕەوانە کران، ئەوانی دیکەش بەرەو زیندانی مەترسیدار و تۆقێنەری نوگرە سەلمان لە باشووری عێراق لەسەر سنووری عێراق و سعوودیە گوێزرانەوە.

ئەوانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەربوون، لەلایەن جەللادێکەوە ئەشکەنجە دەدران کە عەجاج تکریتی بوو و لای کوردانی نوگرە سەلمانیش بە حەجاج ناودەبرا.

News ID 225843

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha