ئەمریکا داوا لە وڵاتان دەکات هاووڵاتییەکانیان لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە وەربگرنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند هەفتەی ڕابردوو مێرمنداڵێکی گەڕاندووەتەوە و داواشی لە وڵاتان کرد هاووڵاتییەکانیان لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگەڕێننەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: هەفتەی ڕابردوو مێرمنداڵێکی ئەمریکییان لە یەکێک لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بۆ وڵاتەکەیان گەڕاندەوە و بە خێزانەکەی شادیان کردەوە.

لەو راگەیێندراوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا جەخت لەسەر هەوڵەکانی واشنتن بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانی کراوەتەوە و داواشی لە وڵاتانی دیکە کردووە هەمان هەنگاو بنێن و هاووڵاتییەکانیان لەو کامپانەوە وەربگرنەوە.

بەگوێرەی راگەێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئێستا نزیکەی ۳۰ هەزار کەس کە خەڵکی زیاتر لە ۷۰ وڵاتن لە دوو کەمپدان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە زۆرینەیان منداڵی خوار تەمەنی ۱۲ ساڵن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئەو کەسانە دەڵێت: "شایەنی دەرفەتێکن بۆ ژیان لە دەرەوەی کەمپەکان"؛ جەختیشی کردەوە کە تاکە چارەسەر بۆ قەیرانی کەمپی ئاوارەکان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ئەوەیە کە وڵاتەکان هاووڵاتییەکانیان وەربگرنەوە.

ئەو دوو کەمپەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسیان دەکات بریتین لە کەمپەکانی هۆل و ڕۆژ کە لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.

News ID 225834

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha