ماکرۆن داوا لە شەرع دەکان دانوستانەکان لەگەڵ SDF بە نیەتێکی باشەوە بەروەپێش ببات

ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا لە میانەی پەیوەندیێكی تەلەفونی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی سووریا ڕایگەیاند زۆر گرنگە کە دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی سووریا بە نیەتێكی باشەوە پێش بکەوێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیمانوێل ماكرۆن، لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، لەم دواییانەدا لەگەڵ  سەرۆکی کاتیی سووریا قسەم كرد. توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی سووریا، ناسکیی دۆخی قۆناغی گواستنەوەمان بیر دەخاتەوە. پاراستنی خەڵکی مەدەنی زۆر پێویستە.

ئاماژەی بەوەش كرد، زۆر گرنگە ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی دیمەنەکانی توندوتیژی و پێویستە بەرپرسانی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. چاوەڕوان دەکرێت کە ڕێکاری یاسایی دەست پێبکرێت بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی لیژنەی سەربەخۆ.

سەرۆكی فەرەنسا باسی لەوەش كرد، ئاگربەستی سوەیدا ئاماژەیێکی ئەرێنییە. ئێستا دەبێت دیالۆگێکی هێمنانە ڕێگە خۆش بکات بۆ گەیشتن بە ئامانجی یەکخستنەوەی سوریا، بە شێوەیەک کە مافی هەمو هاوڵاتییانی مسۆگەر بکات.

ماکرۆن ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ سەرۆکی سووریا باسمان لە پێویستیی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی کرد، بە هاوکاریی لایەنە ناوخۆییەکان، لە چوارچێوەیێکی نیشتمانیدا کە حوکمڕانیی دروست و ئاسایش دابین بکات.

لەبارەی كوردیشەوە، ماكرۆن دەڵێت: "زۆر گرنگە کە دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی سووریا بە نیەتێكی باشەوە پێش بکەوێت. دوێنێ، گفتوگۆ سێقۆڵییەکان ڕێگەیان خۆش کرد بۆ دیاری کردنی هەنگاوەکانی داهاتوو".

ناوبراو دەشڵیت: "پابەندبوونمان بە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا دووپات كردەوە. لەم چوارچێوەیەشدا، باسمان لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کرد و پێکەوە جەختمان لە پشتیوانیمان بۆ هاوکاری لە پێناو سەقامگیرکردنی سنووری سووریا-لوبنان کردەوە. فەرەنسا ئامادەیە بۆ هاوکاری کردن لەم هەوڵانەدا.

سەرۆكی فەرنسا ئەوەشی باس كردووە،  لە کۆتاییدا، دەستخۆشیم لە پابەندبوونی سەرۆک شەرع کرد لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جەختم لەسەر پێویستیی هاوکاریی هاوبەش کردەوە لەم بوارەدا.

News ID 225808

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha