ئەپیکور بە مەرج ئامادەیە هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبکاتەوە

ئەپیکور دەڵێت، لەگەڵ هەولێر و بەغدا کۆبوونەتەوە و ئامادەن 'دەستبەجێ' هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەنەوە، بەڵام مەرجیان ئەوەیە کە رێککەوتنێکی نووسراو هەبێت بۆ دڵنیاییدان لە وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان و رێزگرتن لە گرێبەستە یاساییەکانیان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) ڕایگەیاند: کۆمپانیا ئەندامەکانی "خۆشحاڵن" بەوەی گفتوگۆکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت چڕکراونەتەوە، هیوادارن لە ماوەیێکی نزیکدا ئەو ئامانجە بێتەدی.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، پێش ئەم گفتوگۆیانە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە ئەپیکور و نوێنەری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی دیکەی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ڕۆژی ۱۲ی تەممووزی ۲۰۲۵ لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کۆ بوونەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان جەختیان کردووەتەوە کە "ئامادەن دەستبەجێ هەناردەکردنـی نەوت دەستپێبکەنەوە، ئەوەش کاتێک رێککەوتنی پابەندکەر واژۆ دەکرێت، کە دڵنیایی بدات لە پێدانی پارەی هەناردە، رێز لە گرێبەستە یاساییە کارپێکراوەکانیان بگیرێت و چارەسەرێک بۆ شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانیان بدۆزرێتەوە".

ئەپیکور ڕوونیشی کردووەتەوە، دەبێت هەموو پارەدانێک "بە شێوەیێکی خێرا و شەفاف بێت، جێی قبووڵی کۆمپانیاکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت، ئینجا بە کاش بێت یان لە ڕێگەی ڕادەستکردنی پشکی نەوتی".

لەمبارەوە مایڵز کاگینز، وتەبێژی ئەپیکور دەڵێت: "کۆمپانیا ئەندامەکانی ئەپیکور ئامادەن هەناردەکردن دەستپێبکەنەوە، هەر کە ڕێککەوتنی نووسراو واژۆ کرا کە رێز لە گرێبەستەکانمان بگرێت، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێکخراون".

وتەبێژی کۆمەڵەکە وتیشی: "ئەپیکور هەمیشە جەختی کردووەتەوە کە دەبێت رێز لە گرێبەستەکانی هاوبەشی لە بەرهەمهێنانی ئەندامەکانی بگیرێت و ئەندامەکانیشی هەرگیز بەشدارییان لە هیچ کۆبوونەوەیەکدا نەکردووە لەگەڵ هیچ لایەنێکی حکوومی، کە پێچەوانەی ئەمە پێشنیاز کرابێت".

News ID 225744

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha