بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیێکدا کە بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی ناردووە و تێیدا نووسیویەتی: سەرەڕای ئەو کورتهێنانە ئابوورییە گهورهیهی لەگەڵ عێراق هەیە، بەڵام لە پەیوەندیی بازرگانی نێوانمان بەردەوام دەبین.
ئاماژەشی داوە، بۆ ئەوەی بازرگانییێکی دادپەروەرانە و یەکسان لە نێوانیان هەبێت و لە کورتهێنانی ئابووریی دووربێت، لە ۱ـی ئابەوە بە ڕێژەی ۳۰% باجی گومرگی بەسەر هەموو کەلوپەلە هەناردەکراوهكانی عێراق بۆ ئەمریکا دەسەپێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کردووە، ئەو کۆمپانیا عێراقییانەی کە لە ئەمریکا وەبەرهێنان دەکەن، هیچ باجێکیان بەسەردا ناسەپێنرێت، بەڵکوو به پێچهوانهوه هاوکاریی ئەو کۆمپانیایانە دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ هۆشداریشی داوە، ئەگەر عێراق وەڵامی باجە گومرگییەکان بداتەوە، ئەو ڕێژەکە زیاتر دەبێت، چوونکە ڕێژەی ۳۰% باجی گومرگی لە ئاست ئەو کورتهێنانە بازرگانییەدا کەمە.
لە ڕستەی کۆتایی نامەکەدا کە واژۆی دۆناڵد ترەمپ لەسەرە هاتووە: "ئێوە هەرگیز لە هاوکاری کردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەشیمان نابنەوە".
Your Comment