بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە: شاندێکی حکوومەتی عێراق كە لە وەزارەتی نەوت، دارایی، تەکنیکی و سیاسی پێکهاتووە، دەستیان بە گفتوگۆ کردووە و بەردەوامن، چاوەڕێ دەکرێت لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی نانەوتی ڕاپۆرتێک ئامادە بکەن.
سەباح سوبحی ئاماژەی بەوەش كرد: لەیەک نزیک بوونەتەوە، ئەو کێشانەی هەبوون زەحمەت نین چارەسەر بکرێن، چوونکە ئێستا ۱۱۰ هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ بەکار دێت، حکوومەتی هەرێم دەتوانێت ۲۸۰ بۆ ۳۰۰ هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە دەکات، کە هەمووی دەکاتە ۴۰۰ هەزار بەرمیل، خۆشی ڕێککەوتن بەو شێوەیە کراوە، بۆیە ئەو ڕێککەوتنە تەواو بکرێت کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت و مانگانە مووچە ڕەوانە دەکرێت.
سەباح سوبحی باسی لەوەش كرد: "ماددەی ۱۲ لە یاسای بوودجە، باس لەوە دەکات كە دەستەیێکی ڕاوێژکاری بیانی بێن کاری خۆیان بکەن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئەمەش لەدوای ڕێککەوتن دێت".
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، "پێویستە عێراق دوو هەنگاو بنێت، ئەوانیش قەرزی کۆمپانیاکان بداتەوە و زەمانەتێک بۆ پێدانی پارەی ئەوان هەبێت، بۆیە ئەمجارە ئومێدێک هەیە، گفتوگۆکانیش زۆر درێژە ناکێشن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، چوونکە یاسا هەیە، ئێستا لەو خاڵەی پێشتر لێی وەستابوون دەست بە گفتوگۆ کراوەتەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش نیەتێکی هەیە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشەیە بکرێت، ناکرێت تا هەشت مانگی دیکە خەڵک بێ مووچە بێت.
سەباح سوبحی ڕوونی كردەوە، هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئەپیکۆریش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، تەنها داوایان کردووە دوو خاڵ جێبەجێ بکرێت، ئەوانیش دانەوەی قەرز و زەمانەتێک بۆ سەرفکردنی ۱۶ دۆلاری دەرهێنانی نەوت، بۆیە ئەمجارە ئیرادەیێکی باش هەیە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بەو کێشەیە بێت، بۆیە هیچ بەربەستێک لەبەردەم ڕێککەوتن نییە.
Your Comment