بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەممەد مەحموودیان، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەڤانیدا لەبارەی جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل، کاردانەوەکان و هەڵویستی وڵاتانی دراوسێ و بە تایبەت هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر جەنگەکە، کاریگەریی جەنگەکە لەسەر پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان قسەی کرد.
محەممەد مەحموودیان لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند: "هەموو جیهان بە چاوی خۆیان بینیان کە ئێمە گەلێکی ستەملێکراو بووین و هیچ کات دەستپێشخەر نەبووین بۆ هێرشکردن. ئەوەی ئێمە کردمان، تەنیا بەرگرییێک بوو لە چوارچێوەی مافی ڕەوای خۆمان بۆ بەرگری لە وڵاتەکەمان".
مەحموودیان وتیشی: "ڕژێمی زایۆنی چاوەڕێی ئەوە بوو کە خەڵکی ئێران لە دژی حکوومەت راپەڕن، بەڵام ئەم شتە هەرگیز ڕووی نەدا. سەڕەرای ئەو کێشانەی کە هەن، خەڵک و جەماوەر لە پشت حکوومەت، سەربازان، سوپا و سوپای پاسداران وەستانەوە. ئەو بەرگرییە بەهێزەی خەڵکی ئێران و حکوومەتی ئێران بووە هۆکاری ئەوە کە دوژمن پاشەکشە بکات و واز بهێنێت".
کۆنسووڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی، ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لەوە دەکەن، لە دوای جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەگەر کەسێک لە هەرێمی کوردستانەوە بڕواتە ئێران، ئێران دەستگیری دەکات. جەختی کردەوە، کە ئەم جۆرە دەنگۆیانە پیلانگیری ئیسرائیلن بۆ تێکدانی پەیوەندییەکان هەردوولایەن.
لەوبارەوە محەممەد مەحموودیان زیاتر وتی: "ئێستا پرۆپاگەندەیێکی بڵاوکردووەتەوە کە ئەگەر کەسێک لە هەرێمی کوردستانەوە بڕواتە ئێران، ئێران دەستگیری دەکات، لە کاتێکدا ئەمە بە هیچ شێوەیەک راست نییە. هەروەک لە چاوپێکەوتنی میدیایی چەند رۆژ پێش ئێستادا گوتم، لە گەرمەی جەنگدا سنوورەکانی ئێران کراوە بوون و ئاڵۆگوڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بەردەوام بوو".
ناوبراو وتیشی: "ڕژێمی زایۆنی بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک هەموو ڕێیەک دەگرێتەبەر. ئێستا کە دەبینێت خەڵکی ئێران بەرگری دەکات، پرۆپاگەندەی وا بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەچنەوە ئێران. بەڵام ئاگای لەوە نییە کە پەیوەندییەکانمان زۆر بەهێزن؛ پەیوەندییە کولتووری، مەعنەوی، سیاسی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران زۆر بەهێزترن لەوەی کە پرۆپاگەندەی لەم شێوەیە کاریگەرییان لەسەر هەبێت".
جەختیشی لەوە کردەوە: "پەیوندیی مێژوویی نێوانمان کە لە مێژووەوە هەڵدەقووڵێت، ئەم دەنگۆ لەرزۆکانەی رژێمی زایۆنی کاریگەرییان لەسەر نابێت".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا شەڕەکە چ کاریگەرییێکی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت، کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی ڕایگەیاند: "هیچ شەڕێک پێشبینی ناکرێت و هیوادارین مەترسیی شەڕ بۆ هیچ وڵاتێکی دیکە تەشەنە نەکات. هیوادارین پیلانگێرییەکانی رژێمی زایۆنی لە دژی ئێران و عێراق و گەلانی ناوچەکە بۆ خۆی بگەڕێتەوە".
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتیش هەڵوێستی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل، محەممەد مەحموودیان دەڵێت: "بە خۆشحاڵییەوە وڵاتانی موسڵمانی دراوسێ هەڵوێستیان باش بوو. سعوودیا، عێراق، کۆمکاری عەرەب و یەکێتیی وڵاتانی ئیسلامی هەڵوێستی باشیان پێشاندا. بەرپرسانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و لەوانەش بەڕیز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و یەکێتیی نیشتیمانی و حیزبەکانی دیکەش هەڵوێستی باشیان هەبوو. پەیوەندی تەلەفۆنی لە نێوان سەرۆکی هەرێم و وەزیری دەرەوە هەبووە و ئەمەش نیشاندەری قووڵایی پەیوەندیی نێوان هەردوولایە".
کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی هەروەها گوتی: "هیوادارین هەموو وڵاتان و گەلان بزانن کە دووژمنی سەرەکییان رژێمی زایۆنییە و پێویستە هێرشەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی سەرکۆنە بکرێن".
لەبارەی ئەو درۆنانەش کە لە ماوەی جەنگەکەدا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستان کەوتبوونە خوارەوە، بەرپرسە ئێرانییەکە دەڵێت: "درۆنەکان ئێرانی نەبوون، بەڵام بێگۆمان ئیسرائیل لە هەموو شوێنێک خراپەکاری دەکات. ئیسرائیل رێز لە هیچ سنوورێک ناگرێت و رەچاوی هیچ یاسایەک ناکات، چونکە پشتی بە زۆرداری جیهانی، ئەمریکا بەستووە".
کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە سلێمانی هەروەها ڕەتی کردەوە کە جەنگی ۱۲ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل کاریگەری خراپی کردبێتە سەر پەیوەندی ئابووری و ئاڵۆگوڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و گوتی: "سوپاس بۆ خوا کە کاریگەری نەبووە. لە ماوەی جەنگدا چاودێری هەموو سنوورەکانم دەکرد، هەر هەموویان کراوە بوون. ئاڵۆگوڕی بازرگانی تێیاندا دەکرا و کاڵای ئێرانی لە بازارەکانی هەرێم هەبوون".
سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و ئایا ئێران چۆن دەتوانێت هاوکارییان بکات بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام، محەممەد مەحموودیان رایگەیاند: "من لە هەواڵەکانەوە گوێبیستی بووم و هەرێمی کوردستان و بەغدا پێویستە پێکەوە دابنیشن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئێرانیش هەمیشە پشتگیری لە گفتوگۆ دەکات و گفتوگۆ بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانە. بەهیوای ئەوەی چارەسەرێک بدۆزرێتەوە".
کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە شاری سلێمانی جەخت لە بەردەوامیی پشتگیری ئێران بۆ فەلەستین کردەوە و ڕایگەیاند: "شانازییە بۆ ئێران کە پشتگیری لە گەلی فەلەستین دەکات. سەرۆکوەزیرانی رژێمی زایۆنی راگەیاندووە، هۆکاری هێرشکردنە سەر ئێران، پشتگیری و داکۆکی کردنی ئەو وڵاتە بووە لە غەززە. شانازییە بۆ ئێمە کە بەرگری لە هەموو خەڵکێکی ستەملێکراو بکەین".
محەممەد مەحموودیان جەختیشی کردەوە: "پیلانگێرییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی تەواو نابن و هەر ڕۆژ لە دژی گەلێک پیلانگیری دەکەن".
Your Comment