بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەلمۆنیتۆر بڵاوی کردۆتەوە نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، گرنگیی رۆڵی هەسەدەی وەک هاوپەیمانێکی ئەمریکا خستەڕوو. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی سەربازانی وڵاتەکەی لە سووریا بە شێوەیێکی "بەرچاو" کەم دەکرێنەوە و لە کۆی ۸ بنکەی سەربازی، تەنیا یەک دانەیان دەهێڵنەوە.
لە هەڤپەیڤینەکەدا باراک دەشڵێت: "هەسەدە هاوپەیمانی ئێمەیە. ئەو پشتیوانییەی لە هەسەدە دەکرێت، پێشتیوانییەکە کە لە هاوپەیمانێک دەکرێت. ئەمە فاکتەرێکی زۆر گرنگە بۆ کۆنگرێسی ئێمە".
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوام بوونی پشتگیریی واشنتن بۆ هەسەدە، "بۆ کۆنگرێس گرنگە".
هەروەها جەختی لە گرنگیی تێکەڵبوونی هەسەدە بە حکوومەتی نوێی سووریا کردەوە و گوتی: "تێکەڵبوونیان لەگەڵ حکوومەتێکی نوێی سووریا زۆر زۆر گرنگە. پێویستە هەموو کەسێک لە پێشبینی و چاوەڕوانییەکاندا ڕاستیەکان لەبەرچاو بگرێت".
باراک کە هاوکات باڵیۆزی ئەمریکایە لە ئەنقەرە، ئاماژەی بەوە کرد کە گۆڕانکاریی گەورە لە ژمارەی سەربازەکانیان لە سووریا و کوردستان دەکەن و گوتی: "کەمکردنەوەی بنکە سەربازییەکانمان گرنگە. لە ۸ بنکەوە، لە کۆتاییدا بۆ یەک دانە کەم دەکرێتەوە".
هاوکات پەیامنێری کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی رۆژی دووشەممە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژەی بەوە کرد، دوو بەرپرسی ئەمریکی بە کەناڵەکەیان ڕاگەیاندووە، ئەم چەند هەفتەیەی دوایی، ئەمریکا ۵۰۰ سەربازی لە سووریا کشاندووەتەوە، دوو بنکەی سەربازی داخستووە و یەکێکی ڕادەستی هەسەدە کردووە.
بە گوتەی هەمان سەرچاوە، بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی عومەر و یەکێکی دیکەی بچووک داخراون و بنکەیێکی دیکە لە کێڵگەی گازی کۆنیکۆ ڕادەستی هەسەدە کراوە، کە هەر سێکیان لە دێرەزووری ڕۆژهەڵاتی سووریان.
هەروەها ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو، کە هێزەکانی ئەمریکا دوو بنکەی سەربازییان لە دێرەزوور چۆڵکردووە.
بە گوێرەی ڕێکخراوە چاودێرەکە، ئەمریکا لە ۱۸ی ئایارەوە دەستی بە کشانەوەی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکانی کردبوو و لە سەرەتای ئەم مانگەشەوە، کشانەوەکەی خێراتر کردووە.
ڕوانگە باس لەوە دەکات، کاروانی تانک، زرێپۆش و بارهەڵگری ئەمریکی بینراون کە لە کێڵگەی نەوتی عومەر و کێڵگەی گازی کۆنیکۆ دەچنە دەرەوە. ئەو ناوچەیە لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە زاری سەرچاوەیەکەوە باس لەوە کردووە، ئەو هێزانە لە بنکەی شەدادی لە باشووری پارێزگەی حەسەکە دەمێننەوە و لەوێوە کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن.
Your Comment