بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەرچەندە بەپرسانی باڵای تورکیا پێشوازییان لە بڕیارەکەی پەکەکە کردووە، بەڵام بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی، هێرشی ئەو وڵاتە بۆ سەر پەکەکە لە هەرێمی کوردستان نەوەستاوە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی رێکخراوی سی پی تی ئاشکرای کردووە: "لە دوای بڕیارەکەی پەکەکەوە، تورکیا هەشت جار هەردوو سنووری چیاکانی مەتین و گارەی لە پارێزگای دهۆک تۆپباران کردووە".
کامەران عوسمان دەشڵێت: "جگە لە تۆپباران، تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوام درۆنی تورکیا بە ئاسمانی گوندەکانی بناری قەندیل، خواکورک و خنێرەدا دەسووڕێنەوە".
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوە ئەمریکییەکە، سوپای تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ۵۰۰ بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کردووە، زۆرینەیان لە سنووری پارێزگای دهۆک، دواتر هەولێر و سلێمانی بووە.
شایانی باسە ۱۲ـی ئایار، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند، کۆنگرەی ۱۲ـەمیان لەنێوان ڕۆژانی ۵ بۆ ۷ـی ئەم مانگە کردووە و بڕیاری چەکدادان و خۆهەڵوەشاندنەوەیان داوە.
Your Comment